٢٨ ئایاری ٢٠٢٥
وەزارەتی بازرگانی تورکیا، رایگەیاند، فرۆشتنی شیری دایک و بەکارهێنانی وەک کاڵایەکی بازرگانی قەدەغەیە و هەر کەس ئەو کارە بکات سزا دەدرێت.
وەزارەتی بازرگانی تورکیا، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: "شیری دایک گرنگیی زۆری بۆ گەشەکردنی تەندروستانەی کۆرپە هەیە و جێگرەوەی نییە و پێدانی شیرێک کە دڵنیایی لەسەر کوالێتییەکەی نییە، مەترسیی گەورە لەسەر تەندروستیی کۆرپە دروست دەکات".
هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە تورکیا و باکووری کوردستان، فرۆشتنی شیری دایک، لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بووەتە دیاردە.
ئەوەشی خستەڕوو، "لەم دواییانەدا وەزارەتەکەمان سکاڵا و زانیاریی جۆراوجۆری پێگەیشتووە، کە کەسانێک هەوڵدەدەن شیری دایک بکەنە کاڵایەکی بازرگانی و بیفرۆشن و ئەو کارەش لە ڕێگەی پلاتفۆرمە جیاوازەکان، بە تایبەتییش فەیسبووک و ئینستاگرام ئەنجام دەدەن".
وەزارەتەکە ئاشکراشیکرد، حکومەتی تورکیا، سزای پێبژاردنی 684 هەزار و 214 لیرە (نزیکەی 17 هەزار و 500 دۆلار)ـی بۆ ئەو کەسانە دیاریکردووە، کە شیری دایک دەفرۆشن یان ریکلامی بۆ دەکەن.