مەترسییەکانی دووبارە گەرمکردنەوەی چا بۆ تەندروستی چین؟

٢٧ ئایاری ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

چا یەکێکە لە خواردنەوە تایبەتەکان کە زۆرکەس ئارەزووی دەکەن، هەروەها چەندین سوودی تەندروستی هەیە، لەوانە دەوڵەمەندە بە دژە ئۆکسێنەرەکان کە رێگری لە تووشبوون بە نەخۆشیی دەکات.

بەپێی بابەتێکی ماڵپەڕی "times now" ، رۆژانە خواردنەوەی کوپێک چا لە جەڵتەی مێشک و جەڵتەی دڵ دەتپارێزێت و سوڕی خوێن باشتر دەکات، بەڵام دووبارە گەرمکردنەوەی چا کاریگەری نەرێنی لەسەر جەستە دروست دەکات.

دووبارە گەرمکردنەوەی چا یان کوڵاندنی دوای ماوەیەکی دیاریکراو رەنگە خواردنەوەکە لە تام و تایبەتمەندییە خۆراکییەکانی و تەنانەت بۆنەکەشی بێبەش بکات، ئەگەر چایەکە زیاتر لە چوار کاتژمێر هەڵگیرابێت، باش نییە دووبارە گەرم بکرێتەوە چونکە دەبێتە هۆی تێکچوونی گەددە، سکچوون، گرژبوونی گەددە و کێشەی دیکەی هەرس.

هەروەها دووبارە گەرمکردنەوەی چا چڕیی تانینەکان زیاد دەکات، پێکهاتە کیمیاییەکان کە بە پرۆتین و سێلولۆز و نیشاستە و کانزاکانەوە دەبەسترێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی تامی چایەکە تاڵتر بێت.

هەرچەندە تانینەکان زیانیان نییە، بەڵام زیادەڕەویی لە خواردنی ڕەنگە کاریگەری لەسەر هەڵمژینی هەندێک لە ماددە خۆراکییەکان هەبێت، وەک ئاسن.