٢٥ ئایاری ٢٠٢٥
پەروەردەی هەرێم، رایگەیاند، لە بەرژەوەندی گشتی، بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025، بەدواوە چەند بڕیارێکیان دەکرد.
وەزارەتی پەروەردەی هەرێم، لە بڵاوکراوەیەکدا، کە وێنەیەکی دەست دەزگای میدیایی "قەڵەم" کەوتووە رایدەگەیەنێت، لە بەرژەوەندی گشتی، بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025، بەدواوە ئەم بڕیارانەمان دا:-
1- بۆ راگەیاندنی ئەنجامەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی، بە هەموو بەشەکانیەوە، هیچ جۆرە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامنادەین و وەزارەت بە رێگەی دیجیتاڵی، نمرەی خوێندکاران رادەگەیەنێت.
2- هیچ پێوەرێک لەسەر ئاستی تاک بۆ ناساندنی ئاستەکانی (یەکەم، دووەم و سێیەم) و هیچ پلەبەندییەک راناگەیەندرێت، سەرجەم پەروەردە گشتییەکان و پەروەردەی قەزاکان و خوێندنگەکان پابەندی ئەم بڕیارە دەبن.
3- لەسەر بنەمای خاڵی دووەم، نە وەزارەت، نە دامودەزگا پەروەردەییەکان لە پەروەردەی گشتی و پەروەردەی قەزاکان، هیچ جۆرە مەراسیمێکی خەڵاتکردن ئەنجامنادەن و ئامادەشی نابن.
4- هەر سەرپێچیکردنێک لە خاڵەکانی دووەم و سێیەم رووبدات، رێکاری کارگێڕی و یاسایی پێویست بەرامبەر سەرپێچیکار دەگیرێتەبەر.
5- بنەمای هەڵسەنگاندن دەگۆڕێت بۆ شێوازێکی زانستییانەتر لەسەر بنەمای:-
یەکەم/ رێژە و تێکڕای نمرەی دەرچوونی خوێندکارانی هەر خوێندنگەیەک لە پاش راگەیاندنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم؛ نمرەکان دەبێتە پێوەر بۆ دیاریکردنی ئاستی زانستیی خوێندنگە، پاشان ئەنجامەکان بۆ پەروەردەی گشتی و پەروەردەی قەزا و خوێندنگەکان دەنێردرێت.
دووەم/ نمرەی پێوانەیی و تێکڕای ژمێرەیی هەر بابەتێک لە بابەتەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانیەوە، لە پاش تەواوبوونی خولی دووەم، دەبێتە بنەمای هەڵسەنگاندنی مامۆستای هەر بابەتێک.
