٢١ ئایاری ٢٠٢٥
دوای ئەوەی دوو خوێندکاری کۆلێژی سەربازی عێراق بەهۆی مەشقەوە گیانیان لەدەستدا و حەوت خوێندکاری دیکەش برینداربوون، سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانی دا بدوورخستنەوەی راگری کۆلێژەکە و فەرماندەی فەوجەکە و لیژنەیەکیشی بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکهێنا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 21-5-2025، سابت محەممەد عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق، بەهۆی "کەمتەرخەمی و پشتگوێخستن"ـەوە، فەرمانی لەسەرکارلادانی هەریەک لە راگری کۆلێژی سەربازیی چوارەم و فەرماندەی فەوجی تایبەتی دەرکرد.
وەزارەتی بەرگری لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە نۆ خوێندکاری خولی 89ـی کۆلێژەکە، کە تەنیا چەند رۆژێک بوو پەیوەندییان بە کۆلێژەکەوە کردبوو لە ناسریەی ناوەندی پارێزگای زیقار، تەندروستییان تێکچوو و بەپەلە گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
دوای وەرگرتنی چارەسەر، شەش لە خوێندکارەکان نەخۆشخانەیان جێهێشتووە. دوو خوێندکاری دیکەش تەندروستییان جێگیرە و لەژێر چاودێریدان، بەڵام یەکێک لە خوێندکارەکان گیانی لەدەستداوە.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق هەریەك لە سەرۆكی ئەكادیمیای سەربازی و یاریدەدەرەكەی، عەمیدی كۆڵیژی سەربازیی چوارەم و ئامر فەوجی تایبەتمەند لە پۆستەكانیان دووربخرێنەوە و لە كارەكانیشیان دەربكرێن.
هاوکات، سودانی بڕیاریشیدا بە پێدانی پلەی مولازم بەو دوو خوێندكارەی گیانیان لەدەستداوە، داواشیكردووە مامەڵەیەكی باش و گونجاو لەگەڵ مەشقپێكراوەكان لە كۆلێژ و خولە سەربازییەكان بكرێت و زیانیان پێنەگەیەندرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ لە کۆلێژی سەربازی چواری عێراق بەھۆی ئەشکەنجە و مەشقەوە، دوو خوێندکار گیانیان لەدەستدا و حەوت خوێندکاری دیکەش برینداربوون.