نهێنییەکی نزیکەی 50 ساڵ پێش ئێستا لە لوتکەی عەرەبی ئاشکرابوو

١٨ ئایاری ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

شارەزایەکی ئابووری ڕایگەیاند، لە لووتکەی عەرەبیدا سەرۆکی سۆماڵ داوای لە حکومەتی عێراق کرد پاڵاوگەی نەوتی وڵاتەکەی لە سۆماڵ نۆژەن بکاتەوە، کە زیاتر لە 50 ساڵ لەمەوبەر دروستکراوە، ئەوەش نهێنییەکە و زۆرینەی هاوڵاتیان نازانن، کە عێراق خاوەندارێتی لە پاڵاوگەیەک لە سۆماڵ دەکات.

نەبیل مەرسوومی، شارەزای ئابووری لە عێراق، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبیدا کە دوێنێ لە بەغدا بەڕێوەچوو، حەسەن شێخ مەحموود، سەرۆکی سۆماڵ، داوای لە حکومەتی عێراق کردووە پاڵاوگەکەی نۆژەن بکاتەوە تا دووبارە دەست بە بەرهەمهێنان بکاتەوە، "ئەم بابەتەش سوپڕایزی عێراق بووە لە لوتکەکەدا چونکە هیچ هاوڵاتییەکی عێراقی نەیزانیووە کە عێراق خاوەندارێتی لە پاڵاوگەیەک لە سۆماڵ دەکات".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم پاڵاوگەیە ساڵی 1974، لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دروستکراوە و ساڵانە توانای بەرهەمهێنانی نزیکەی حەوت ملیۆن بەرمیلی هەیە، پاڵاوگەکە بە هاوبەشی لە نێوان سۆماڵ و عێراق دروستکراوە و ئەو کاتە حکومەتی عێراق هەموو پارەکەی داوە، بەگوێرەی ڕێکەوتنەکەش دوای سێ ساڵ لە بەرهەمهێنان، سۆماڵ بە سودێکی زۆر کەم، 50%ـی پشکی خۆی لە پارەی تێچووی پاڵاوگەکە داوە.

ڕۆژی شەممە،17-5-2025، 34ــەمین لووتکەی عەرەبی لە بەغدا بەڕێوەچوو، لە کۆی 22 وڵاتی ئەندام، کەسی یەکەمی تەنیا شەش وڵات ئامادەبوون، بەوەش بووە خراپترین لوتکە لەڕووی ئامادەبوونی سەرکردەی وڵاتانەوە.