ژنێک بە تۆمەتی دزینی زێڕ دەستگیرکرا

١٧ ئایاری ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

ئاسایشی هەولێر: ژنێکمان بە تۆمەتی دزینی زێڕ لە زەڕەنگەرەكان و دانانی زێڕی ساختە لە شوێنەكەیان دەستگیرکردووە، تۆمەتبارەكە خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستانە و لە دوای ئەنجامدانی هەر تاوانێك گەڕاواتەوە شارەکەی خۆی بۆ ساغ کردنەوەی زێڕەکان.

ئەمڕۆ شەممە 17-5-2025، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە بڵاوکراوەیەکیدا رایگەیاند، بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر تۆمەتبارێکی ژنیان دەستگیرکرد، کە هەڵسابوو بە ئەنجامدانی چەند تاوانێکی دزیکردن لە چەند دوکانێکی زێڕنگری.

ئەوەشی ئاشکراکرد، ئەو تاوانبارە هەڵساوە بە سەرقاڵکردنی خاوەن دوکانەکە و زێڕی ساختەی لە جێگەی زێڕی راستی داناوە و چەند پارچە زێڕێکی دزیوە، تۆمەتبارەکە خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستانە و لە دوای ئەنجامدانی هەر تاوانێکی دزیکردن گەڕاواتەوە شارەکەی خۆی بۆ فرۆشتن و ساغ کردنەوەی زێڕەکان.

ئاسایشی هەولێر وتیشی، لە کاتی دەستگیرکردنیدا دەستیان گرتووە بەسەر چەند پارچە زێڕێکدا کە لە شوێنێکی جەستەیدا حەشاریدابوو، راشیگەیاند، هەرکەسێک سکاڵای یاسای لەسەر هەیە دەتوانێت سەردانی ئاسایش بکات.