کیم جۆن ئون بە گریانەوە داوایەک لە ژنانی وڵاتەکەی دەکات

١٧ ئایاری ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

سەرۆکی کۆریای باکور لە کۆتا دەرکەوتنیدا لە کۆبوونەوەی نیشتمانی دایکان لە پیۆنگیانگ، بە گریانەوە داوا لە ژنانی وڵاتەکەی دەکات کە منداڵی زیاتر بخەنەوە.

لە کۆبوونەوەی نیشتمانی دایکاندا، کە رێورەسمێکی فەرمییە و ساڵانە لە کۆریای باکور بەڕێوە دەچێت، کیم جۆن ئونی سەرۆکی وڵاتەکە وتاری پێشکەشکرد، بەڵام ئەوەی بووە جێگەی سەرنجی میدیاکان ئەوە بوو، کە بە درێژایی پێشکەشکردنی وتارەکەی کیم هەوڵی دەدا فرمێسک بە چاویدا نەیەتە خوارەوە و دەنگی دەلەرزی.

لە وتارەکەیدا، سەرۆکی کۆریای باکور لە کۆتاییدا گریا و هەر بە گریانیشەوە داوای لە ژنانی وڵاتەکەی کرد یارمەتی بەهێزکردن و زیادکردنی ژمارەی هاوڵاتییانی وڵاتەکە بدەن.

کیم لە کۆبوونەوەکەدا وتی: بەرزکردنەوەی رێژەی لەدایکبوون و دابینکردنی چاودێری و پەروەردەی باش بۆ منداڵەکانمان هەمووی بابەتێکی خێزانین کە دەبێت بە هاوکاری دایکانی وڵاتەکەمان چارەسەری بکەین.

بەپێی ئامارەکان شارەزایان دەڵێن، زۆرێک لە خێزانە نوێیەکانی کۆریای باکور لە منداڵێک زیاتریان نییە، چونکە پێویستیان بە پارەیەکی زۆر هەیە بۆ پەروەردەکردن و بەخێوکردنی منداڵەکانیان.

بەهۆی ئەوەی کە کۆریای باکور ئامارەکان دەپارێزێت و بڵاوکردنەوەیان سنووردار دەکات، ئەستەمە بە دیاریکراوی بزاندرێت کە رێژەی لەدایکبوون چەندە لە وڵاتەکەدا.

حکومەتی کۆریای باشوریش دەڵێت، "لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا رێژەی منداڵبوون لە کۆریای باکور کەمی کردووە.

بەپێی زانیارییەکان، تێکڕای لەدایکبوونی منداڵ بۆ هەر ژنێک لە ساڵی 2022دا 1.79 منداڵ بووە، لەکاتێکدا لە ساڵی 2024دا 1.88 منداڵ بووە بۆ هەر ژنێک.

شارەزایان دەڵێن، بانگەوازە فرمێسکاوییەکەی کیم جۆن ئون، یەک ناگرێتەوە لەگەڵ هەوڵەکانی حکومەتی کۆریای باکور بۆ کەمکردنەوەی رێژەی لەدایکبوون، کە کۆریای باکوور لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی رابردوودا جێبەجێیکرد بۆ خاوکردنەوەی گەشەی دانیشتووان لەدوای جەنگدا.

بەپێی راپۆرتێکی پەیمانگەی توێژینەوەی هیۆندا، کە دامەزراوەیەکی بیرکردنەوەی کۆریای باشوورە دەڵێت، کەمبوونەوەی هێزی کار دەتوانێت ئاسۆی ئابووری هەر وڵاتێک بەرەو تاریکی ببات، ئەمە بە بۆ کۆریای باکوور راستە، بە لەبەرچاوگرتنی کەمی سەرمایەی هاوڵاتیەکانیان.

وەک ئاماژەمان پێدا، نووسەرانی وڵاتەکە هۆکاری کێشەکەیان بۆ ئەو برسێتییە گەڕاندووەتەوە کە لە ساڵانی نەوەدەکاندا وڵاتی کۆریای باکووری گرتەوە، هاوکات، لەگەڵ ئەو سیاسەتانەی لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی رابردوودا کە تیایدا حکومەت زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانیان سنووردار کرد.

بە وتەی توێژەرانی کۆریای باکور، ئەو نەوەیەی لە سەردەمی برسێتیدا گەورە بووە زۆربەیان بەدخۆراک بوون، دەتوانێت کاریگەری نەرێنی لەسەر بەرهەمهێنان و ئاستی زاوزێیان هەبێت.

ژمارەی دانیشتووانی کۆریای باکوور نزیکەی 25 ملیۆن کەسە. ئەم وڵاتە بەهۆی برسێتییەکی کوشندە لە ساڵانی نەوەدەکان و کارەساتی سروشتی دیکە رووبەڕووی کەمیی خۆراکی توند بووەتەوە، کە ئێستاش هۆکارە بۆ کەمی ژمارەی دانیشتووان.