بۆچی بە ڕاخستنی فەرشی مۆر پێشوازی لە ترەمپ کرا؟

١٣ ئایاری ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

ڕاخستنی فەرشی سوور یاخود مۆر یەکێکە لە دیارترین هێماکانی پڕۆتۆکۆڵی دیپلۆماسی، بۆ پێشوازیکردن لە سەرۆک و کەسایەتییە گرنگەکان لە سەرتاسەری جیهاندا بەکاردێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە سعودیە، لە کاتی گەیشتنیشیدا فەرشی مۆری لەلایەن سعودیەوە بۆ ڕاخرابوو، ئەمەش لە بری بەکارهێنانی فەرشی سوورە، ئەم کارە بووە جێی سەرنجی میدیا جیهانی و ناوخۆییەکان، چونکە لە بەشێکی زۆری وڵاتان لە بۆنە فەرمییەکاندا فەرشی سور بەکاردەهێنرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە سەردانێکی دیکەی فەرمیدا، لە ساڵی 2017، ترەمپ لەگەڵ مێلینای هاوسەری، کە بۆ یەکەم جار سەردانی سعودیەیان کرد بەیەکەوە، بە ڕاخستنی فەرشی سوور پێشوازییان لێکرا.

تایبەتمەندی ڕەنگی مۆر:-

ڕەنگی مۆر ڕەنگێکی ڕوحانی و پەرستن و ڕێزگرتن و ڕەنگی مرۆڤدۆستییە، لە هێماکانی پڕۆتۆکۆڵی دیپلۆماسیدا بۆ پێشوازیکردن لە سەرۆک و کەسایەتییە گرنگەکان بەکاردێت، کە ئەمەش بەواتای گرنگی و ڕێزی زۆر بۆ ئەو کەسە دادەندرێت.

-مانا و گرنگی ڕاخستنی فەرشی مۆر:-

1- ڕێزلێنان و پێشوازی فەرمی:

ڕاخستنی فەرشی مۆر نیشانەیەکی نەریتییە بۆ ڕێزگرتن لە پایەی بەرزی میوانەکە و نیشاندانی گرنگییەکی تایبەتە بە سەردانەکەی.

2-ئاستی پەیوەندییەکان:

جۆری فەرش و درێژییەکەی ئاماژەیە بۆ ئاستی پەیوەندییەکان و گرنگی میوانەکە، هەندێکجار درێژی و پانی فەرشەکە بەپێی پڕۆتۆکۆڵێکی تایبەت دیاری دەکرێت، کە تێیدا بایەخ بە زۆر لە وردەکاری دەدرێت.

3- هێمای ڕێککەوتن:

لە هەندێک دۆخدا، ڕاخستنی فەرشی مۆر ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە وڵاتەکان ئامادەن بۆ گفتوگۆ و ڕێککەوتن.

-مانای ڕانەخستنی فەرشی مۆر:-

1- پەیامی دیپلۆماسی:

 

ڕانەخستنی فەرشی مۆر بۆ سەرۆکێک یان میوانێکی پایەبەرز لەوانەیە پەیامێکی دیپلۆماسی بێت کە لە ڕێگەیەوە ئاماژە بە ناڕەزایی یان ئاڵۆزی پەیوەندییەکان بکات.

2- ئاڵۆزییە سیاسییەکان:

لە هەندێک دۆخی سیاسی ئاڵۆزدا، بۆ گەیاندنی پەیامێکی ڕوونن بۆ لایەنی بەرامبەر، دەکرێت وڵاتی پێشوازیکەر بڕیار بدات فەرشی مۆر دانەخات بۆ میوانەکەی.

لە ساڵی 2020وە سعودیە بە فەرمی فەرشی مۆر بەکاردەهێنێت، ئەمەش بووە بە کولتووری ناوچەکە، کە بە مانای ڕێز و خۆشەویستی و هەروەها بەخشندەیی یاخود بە هێزکردنی پەیوەندییەکان لە نێوان وڵاتانی دیکەدا لێکیدەدەنەوە.