هاتووچۆی هەولێر: لە ڕووداوی هاتووچۆکەی ژێر پردی ڕزگاری هیچ کەسێک گیانی لەدەستنەداوە

١٠ ئایاری ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

هاتووچۆی هەولێر ڕایگەیاند، لەو ڕووداوی هاتووچۆکەی ژێر پردی ڕزگاری، حەوت کەس بریندار بوون و هیچ کەسێک گیانی لەدەستنەداوە.

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئەمڕۆ کاتژمێر 08:30ـی بەیانی، ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری (تۆیۆتا ئەڤەلۆن) لە ژێر پردی ڕزگاری بە خێراییەکی زۆر بەرەو ئاراستەی شەقامی کەسنەزان دەڕۆیشت، کە شۆفێرێکی گەنج لێیخوڕیوە و دوو سەرنشینی هاوتەمەنی خۆی لەگەڵدا بووە (هەرسێکیان ئامۆزای یەکن) و بۆ سەر کار ڕۆیشتوون بۆ ناوچەی پیشەسازی".

ڕاشیگەیاند، لەکاتی لێخوڕیندا، ئەو شۆفێرە سەرکێشیی کردووە و لە ئاراستەی دەستەڕاست، لێکڕەتبوونی ئەنجامداوە، ئەمەش بووەتەهۆی ئەوەی کۆنتڕۆل لەدەستبدات و بەسەر شۆستەکەدا بچێتە ڕێڕەوی بەرامبەر و لە ئەنجامدا، خۆی کێشاوە بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری تاکسی (تۆیۆتا بیکاشۆ) کە شۆفێر و سەرنشینێکی تێدابووە، پاشان خۆی کێشاوە بە ئۆتۆمبێلێکی دیکە لە جۆری (جیلی) کە ئەویش شۆفێر و سەرنشینێکی تێدابووە (کوڕ و باوک بوون).

ئاشکراشیکرد، لەئەنجامی ئەم ڕووداوە حەوت کەس بریندار بوون و سێ کەس، لە ناو ئۆتۆمبێلی ئەڤەلۆن و دوو کەس لە ئۆتۆمبێلی تاکسی و دوو کەسی دیکەش، لەناو ئۆتۆمبێلی جیلی و هیچ کەسێک گیانی لەدەستنەداوە.