١٠ ئایاری ٢٠٢٥
زیاتر لە 40 رۆژە مووچەخۆرانى هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە، چاوەڕوانیش دەکرێت ئەم هەفتەیە سودانى بڕیار لە ناردنى مووچەی مانگی چواری هەرێم بدات.
بەپێی زانیارییەکان، چاوەڕوان دەکرێت داواکاریی وەزیرى دارایی عێراق لە دادگای فیدراڵی سەبارەت بە بڕیاردان لەسەر پابەندنەبونى هەرێم بە رێککەوتنەکانەوە، لە مووچەى مانگی پێنجەوە جێبەجێ بکرێت، بەوەش چاوەڕوان دەکرێت سودانى ئەم مانگەش مووچەکە بنێرێت.
تۆمەتبارکردنی هەرێم بە پابەندنەبوون بە رێککەوتنەکانەوە بەتایبەت رادەستکردنى داهات لەکاتێکدایە، داهاتى ناوخۆی هەرێم بەوتەى خودی حکومەتى کاربەرێکەر بە زیاتر لە 300 ملیار دیناری مانگانە دەخەمڵێنرێت، بەڵام هەرێم لەم سێ مانگەدا مانگانە نزیکەی 50 ملیار دیناری رادەستی بەغدا کردووە، لەکاتێکدا بەپێی رێککەوتنەکانی لەگەڵ بەغدا دەبێت هەرێم مانگانە نیوەى داهاتی ناوخۆی رادەست بکات.
ئەوە جگە لەوەى بەغدا دەڵێت، ناکرێت هەرێم مانگانە زیانى 300 هەزار بەرمیل نەوت لە پشکی نەوتى عێراق بدات و یەک دیناری داهاتەکەش رادەست نەکات، کە داهاتی ئەو نەوتەی پارتی و یەکێتی بە قاچاخ دەیفرۆشن مانگانە بە 500 ملیار دینار دەخەمڵێنرێت.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە، بەردەوام وەزیرى دارایی عێراق ناڕەزایی دەربڕیوە لەسەر رادەستنەکردنى داهاتى نەوتی قاچاخ و ئەو برەی داهاتى ناوخۆ کە حکومەتى کاربەڕێکەر لە سێ مانگی رابردوودا رادەستى کردوە و دەڵێت، زۆر کەمترە لە نیوەی ئەو بڕەی رێککەوتنى لەسەر کراوە، لەسەر ئەو بنەمایەش هەفتەى رابردوو تەیف سامی داوای روونکردنەوەى لە دادگای فیدراڵی کردووە.