١٠ ئایاری ٢٠٢٥
جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان: لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا، بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزیی تایفی و مەزهەبییەوە نزیکەی 670 هەزار کەسی دیکە لە ناوخۆی سوریا ئاوارە بوون.
فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لە مانگی 12ی ساڵی رابردووەوە بەهۆی پێکدادانە ناوخۆییەکانی سووریاوە نزیکەی 900 کەس بوونەتە قوربانی، لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارە و پەنابەر گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، کەچی بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزیی تایفی و مەزهەبییەوە 670 هەزار کەسی دیکە لە ناوخۆی ئەو وڵاتە ئاوارە بوون.
لە بارەی مەترسی و خراپی دۆخی ناوخۆی سووریا، وتیشی، "تەقەمەنی و پاشماوەکانی جەنگ هێشتا لە سووریا بەربڵاون و بوونەتە هەڕەشە و مەترسییەکی گەورە لەسەر ژیانی خەڵکی وڵاتەکە، سەرباری کەمیی سەرچاوە و پشتیوانییە داراییەکان، بەڵام رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئێستاش لە هاوکاریی نزیکەی هەشت ملیۆن سووری بەردەوامە".
کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نوێترین راپۆرتیدا ئەوەی راگەیاندووە، لە ناوچە کەنارییەکانی سووریا، لە شاری تەرتووس هاوکاریی 1683 خێزان، لە لازقییە هاوکاری 2610 خێزان و لە گوندەکانی حەما یارمەتی 97 خێزانیان داوە.
هەر لە راپۆرتەکەدا کۆمیسیۆن دەڵێت: سەرەتای هەڵمەتی گەڕاندنەوەی پەنابەران لە 20-1-2025، هاوکاریی زیاتر لە دوو هەزار پەنابەری سووریان کردووە بۆ ئەوەی لە ئوردنەوە بگەڕێنەوە سووریا.