٨ ئایاری ٢٠٢٥
ئەمڕۆ لە بازاڕەکانى دراو بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار زیاتر بەرزبووەوە و ئێستا 100 دۆلار بۆ 141 هەزار و 500 دینار دابەزى.
دوێنێ بەهاى دابەزی بۆ خوار 142 هەزار دینار، بەڵام ئێوارە لەکاتى داخستنى بازاڕ بەهاى 100 دۆلار گەیشتەوە 142 هەزار و 650 دینار، پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆش 100 دۆلار تا 141 هەزار و 500 دینار دابەزى، بەهۆى ئەو بەرز و نزمییە زۆرەى لە بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار هەیە، بەهاى دینار زۆر ناجێگیرە و ئەم ئێوارەیەش دۆلار دەستى بە بەرزبوونەوە کرد 100 دۆلار بە 143 هەزار دینار مامەڵەى پێوەکرا.
چەند هۆکارێک لەپشت ئەم بەرز و نزمییەى بەهاى دینارەوەن، یەکێک لەوانە کەمبوونەوەى نەختینەى پارەی کاشە لە عێراق، بانکى ناوەندى بۆ کڕینەوەى دینار دۆلارێکى زیاترى خستووەتە بازاڕەوە، هۆکارێکى دیکە بۆ دروستکردنى کارتى بانکى بۆ بازرگانە بچووکەکان دەگەڕێتەوە، کە پێشتر بۆ حەواڵەى دۆلار، پەنایان دەبردەبەر نووسینگەکانى حەواڵە و دۆلاریان بە نرخى بازاڕى رەش دەکڕى، بەڵام ئێستا لە رێگەى کارتى بانکییەوە بە نرخى فەرمیى بانکى ناوەندیى کە 100 دۆلار بە 132 هەزار بۆیان دەشکێنرێتەوە دۆلاریان بۆ حەواڵە دەکرێت، ئەوەش خواستى لەسەر دۆلار کەمکردووەتەوە.
ئەمە دوای ئەوە دێت، کە لە ماوەکانی رابردوو بەهای دۆلار بەرزییەکی زۆری بە خۆیەوە بینی، بەڵام لە چەندرۆژی رابردوودا بەرەو نزمبوونەوە هەنگاوی نا بەرامبەر بە بەهای دینار، لە ئێستاشدا نرخی 100 دۆلار بۆ 141 هەزار و 500 دینار دابەزیوە کە لەماوەی دووساڵی رابردوودا بە بەرزترین ئاستی دینار تۆماردەکرێت.