ترەمپ: نامەوێت بۆردوومانی ئێران بکەم

٨ ئایاری ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

دۆناڵد ترەمپ: لە هەوڵی ئەوەداین کە بەبێ ئەوەی پێویست بە بۆردوومان کردن هەبێت، پرسی ئەتۆمیی ئێران چارەسەر بکەین".

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاند، کە حەزمی لە بۆردوومانکردنی ئێران نییە و دەیەوێت ئەوان زۆر سەرکەوتووبن، ئەم لێدوانەی ترەمپ لە کاتێکدایە، کە پێشتر ئەوە بڵاو کرابوویەوە کە ئیسرائیل بژاردەی ‌هێرشی سەربازی و بۆردوومانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی پێ باشتر بووە، بەڵام ترەمپ ڕێگریی لە جێبەجێکردنی ئەو بژاردەیە کردووە و هانی گفتوگۆی داوە.

ئاشکرایە، ترەمپ لە پلانیدا هەیە لە میانەی سەردانەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە سەردانی هەریەکە لە سعودییە و قەتەر و ئیمارات دەکات، ناوی کەنداوی فارس بۆ کەنداوی عەرەبی بگۆڕێت، ئەم هەوڵەی ترەمپیش ئێرانی نیگەران کردووە.

ئەم لێدوانەی ترەمپ لە کاتێکدایە، کە ئەمریکا و ئێران گفتوگۆیان دەستپێکردووە و تا ئێستا سێ جار، دوو جار لە مەسقەت و جارێک لە ڕۆما، کۆبوونەتەوە، بڕیارە لە کۆبوونەوە بەردەوام بن. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ئەمریکا لە گوشارەکانی بۆ سەر ئێران، وەک سزادانی کەرتی نەوتیی ئەو وڵاتە بەردەوامە.