٣ ئایاری ٢٠٢٥
ڕۆژی 3ـی ئایاری هەموو ساڵێک لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەری دیاریکراوە.
ڕێکخراوى پەیامنێرانى بێسنوور ڕاپۆرتێکی لەسەر بارودۆخی ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانى ڕاگەیاندن لەسەرتاسەرى جیهاندا، بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاند، لە نێوان ناسەقامگیری سیاسی و فشاری داراییدا، ڕۆژنامەنووسان لە هەموو لایەکەوە ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە و دەوڵەوت لە پاراستنى ڕۆژنامەنووسان شکستى هێناوە.
هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە، کە ڕیزبەندی سەلامەتترین وڵاتی بۆ ڕۆژنامەنووسان دیاریکردووە، عێراق بۆ ئەمساڵ لە پلەى 155ـى وڵاتان دەبینرێت لەبارەى ئازادى ڕۆژنامەگەرییەوە، ئەوەش بەراورد بەپار جوڵەیەکى ئەرێنییە، چونکە ساڵى ڕابردوو عێراق لە ڕیزبەندى 169دا بووە، بەڵام ئەمساڵ 14 پلە هاتووەتە پێشەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەپاڵ دەیان وڵاتى تر هەر لە هێڵى سووردایە.
هەر بەپێى ڕیزبەندییەکە، نەرویج سەلامەترین وڵاتە بۆ ڕۆژنامەنووسان و پلەى یەکەمى گرتووە، لە دواى ئەویش ئیستۆنیا و هۆلەندا پلەکانى دووەم و سێیەمیان گرتووە، سوید و دانیمارک و فینلەندا و ئێرلەندا و پرتوگال و سویسرا و چیک پلەکانى دواتریان گرتووە.
لە ئێستادا، دۆخی ڕۆژنامەنووسان لە هەرێم بەرەو ڕێگەیەکی نادیار دەڕوات و لەلایەن حزب و هێزەی ئەمنییەکان سەرکوتدەکرێن، یاخود بێڕێزییان بەرامبەر دەکرێت، یاخود بەناوی تیرۆرست دەخرێنە زیندانەوە، ئەگەرچی ڕێکخراو و سەندیکاکان هەوڵی کەمکردنەوە و لەناوبردنی دەدەن، بەڵام هەوڵەکانییان بۆ لەناوبردنی شکستیهێناوە.
