٢٧ نيسانی ٢٠٢٥
ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ڕایگەیاند، دامودەزگا ئەمنییەكان رێكاری یاساییان گرتۆتە بەر بەرامبەر بەوانەی لە رووداوی دوێنێدا پەلاماری پاسەوانەكانی زیاد جەباریان دا.
ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بەسەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی كۆبووە و ئەندامانی سەركردایەتی وێڕای دەربڕینی پشتیوانیان بۆ زیاد جەبار ئەندامی سەركردایەتی ، ستایشی ئارامی و دان بەخۆدا گرتنیان کرد. هەروەها جەختکرایەوە كە دڵنیان دامودەزگا ئەمنییەكان رێكاری یاسایی و ئینزباتی پێویستیان گرتۆتە بەر بەرامبەر بەوانەی لە رووداوی دوێنێدا پەلاماری پاسەوانەكانی زیاد جەباریان دا.
ئاشکراشیکرد، بافڵ تاڵەبانی بڕیاری دروستكردنی لیژنەیەك بۆ رێكخستنەوەو چاكسازی لە كاروباری هێزە ئەمنییەكانی تایبەت بە دەزگا حیزبی و مەدەنییەکان داوە کە بڕیار وایە خودی زیاد جەبار سەرپەرشتی لیژنەی ناوبراو بكات.
ئێوارەی دوێنێ شەممە لە کاتی کۆتاییهاتنی مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتی بلە لە بەردەم تەلاری هونەری سلێمانی، شەڕ لە نێوان هێزێکی ئۆپراسیۆنی ئاسایش و پاسەوانەکانی زیاد جەبار ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە سلێمانی ڕوویدا.