٢٥ نيسانی ٢٠٢٥
رۆژی چوارشەممە 23ی نیسانی 2025، رۆژی نزای نیشتیمانی لە کوردستان و لە هەولێر بەڕێوەچوو، کە ئەوەش بۆ یەکەمجاربوو لە هەرێمی کوردستان رۆژی نزای نیشتیمانی بەڕێوەبچێت.
رۆژی نزای نیشتیمانی بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی باڵا، سەرکردەکانی عێراق، هەرێمی کوردستان، جیهان، پەرلەمانتارانی وڵاتان، نوێنەر و نێردەی وڵاتان بەڕێوەچوو، سەرەڕای ئەوەی لە سەرەتادا بە خوێندنەوەی ئایەتێکی قورئانی پیرۆز دەستیپێکرد، بەڵام مەراسیمەکە تووشی رەخنەیەکی زۆر بووەوە لەلایەن هاوڵاتییانەوە.
رۆژی نزای نیشتیمانی لەلایەن رێبەرانی ئایینی ئیبراهیمییەوە رێکخراون و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1952 لە سەردەمی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا، هاری ترومان وەک رۆژێکی فەرمی ناسێنرا، بەڵام لە ساڵی 1988 لەژێر سەرۆکایەتی ڕۆناڵد ڕیگەن، یاسای ڕۆژی نزای نیشتیمانی پەسەندکرا کە ڕۆژەکەی دیاریکرد وەک یەکەم پێنجشەممەی مانگی ئایار.
بە وتەی رێبەرانی ئایینی ئیبراهیمی، پێغەمبەر ئیبراهیم (درودی خودای لێبێت) لەسەر یەك ئاین بووە كە ئەویش كۆكەرەوەی ئیسلام و جولەكە و مەسیحییەتە، بەڵام لەلای موسڵمانان ئەوە قسەیەکی هەڵەیە و هیچ بنەمایەكی نییە، چونكە خودا لە ئایەتی 67ـی سورەتی ال عمراندا دەفەرموێت: "ئیبراهیم نە یەهودی بووە نە نەسرانی، بەڵكو مسوڵمانە و لەو كەسانە نییە كە هاوەڵ بۆ خودا پەیدا دەكەن".
یەکێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان پێشتر هۆشداریی لەبارەی ئایینی ئیبراهیمییەوە دابوو، هەروەها هۆشدارییان داوەتە حكومەتە ئیسلامییەكان لە چوون بەدەم ئەم بانگەوازەوە و دەڵێن: "وێنای دوژمنكارییەكی بێ ئابڕوو و بێ پەروا دەكات لەسەر باوەڕی گەلانیان، لە هەمان كاتدا لێدانە لەو متمانەیە كە گەلان بەخشیویانە بە حكومەتەكانیان، هەڵگیرساندنی ئاگری دووبەرەكی و فیتنەیە لە نێوان موسڵماناندا".
پێشتر، دەوڵەتی شانشینی ئیماراتی یەكگرتوو، بەفەرمی دینی دەوڵەتی لە ئاینی ئیسلامەوە بۆ ئاینی ئیبراهیمی گۆڕی و كارەكەش لە جیهانی ئیسلامیدا توڕەیی و نیگەرانی زۆری لێکەوتەوە.
عەلی قەرەداخی، ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان بەیاننامەیەكی توندی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند: "ئەو ئاینە بەناو ئیبراهیمییە حكومەتی دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی یەكگرتوو بە هاوكاری ئیسرائیل ناساندوویەتی و ئیقراری پێكردووە، ئاینێكی داهێنراوە و پیلانە دژی ئیسلام".
کاتێک قورئانی پیرۆز لەلایەن خوداوە بۆ محەمەد (درودی خودای لێبێت) دابەزی، وەک کۆتا دین، ئیسلامی بۆ مرۆڤایەتی دیاریکرد و محەمەدیشی وەک کۆتا پەیامبەری دیاریکرد، بۆیە لەلای موسڵمانان ئیسلام دینی یەکتاپەرستییە و محەمەدیش کۆتا پەیامبەری خودایە بۆ گەیاندنی پەیامی یەکتاپەرستی.
ئەمە لە کاتێکدایە، 23ـی ئەم مانگە، لە هەرێمی کوردستان و لە هەولێری پایتەخت، بۆ یەکەمجار رۆژی نزای نیشتیمانی بەڕێوەچوو، ئەمەش ترسی لای موسڵمانانی هەرێم دروستکردووە کە ئایینی ئیبراهیمی جێگەی ئایینی ئیسلام بگرێتەوە و لەلایەن حکومەتەوە بکرێت بە ئایینی سەرەکی.