٢٣ نيسانی ٢٠٢٥
لە یاری نێوان یانەی نەورۆز و زاخۆ، گرژی و ئاڵۆزیی لە نێوان هاندەرانی هەردوولا دروستبوو، زیانێکی زۆر بەر یاریگای نەورۆز کەوتووە، سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەکەش دەڵێت، 200 کورسی یاریگاکە شکێنراون.
جێگر عەبدوڵا، سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی نەورۆز، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، لە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان هاندەرانی نەورۆز و زاخۆ، 200 کورسی شکێنراون.
لەبارەی هۆکاری دروستبوونی گرژییەکان، وتی، دوای تۆمارکردنی گۆڵێک لەلایەن یانەی زاخۆ و هەژمارنەکردنی بەهۆی ئەوەی کە "ئۆفساید بووە"، پشێوی لە نێو هاندەران سەریهەڵدا.
دەشڵێت، ئەنجوومەنێکی لێکۆڵینەوە دروستکراوە بۆ لێکۆڵینەوە و دەرخستنی ڕاستییەکان.
هاوکات ، ئەمڕۆ سامان نادر، لێپرسراوی سەنتەری فراکەوتنی سلێمانی، ڕایگەیاندبوو، بەهۆی یاریەکەوە 57 کەس برینداربوون و بەشێکی زۆری بریندارەکان دوای وەرگرتنی چارەسەر ڕەوانەی ماڵەوەکراون.