٢٣ نيسانی ٢٠٢٥
تەندروستی هەرێم، چەند ڕێگایەکی بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی تای خوێنبەربوون بڵاوکردەوە.
وەزارەتی تەندروستی هەرێم، لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بۆ دووربوون لە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون پێوستە لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵ بۆ قوربانی ئەم ڕێنماییە زانستییانە جێبەجێبکرێن:
1- سەربڕینی ئاژەڵ پێویستە لەناو ئەو سەربڕینخانانەدا بێت کە رێگە پێدراون و پزیشکی ڤێنتەرنەی سەرپەرشتی دەکات.
2- لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵدا وە کەوڵکردن یان پارچە پارچەکردنی گۆشتەکەیدا پۆشینی جل وبەرگی خۆپارێزی وك (دەستکێش، جزمە، سەدریەی پلاستیك، ماسکی دەموچاو) پێویستە لەبەرکرێن.
3- نابێت خانەوادە یان خەڵک کۆ ببنەوە لەچواردەوری سەربڕەکە (قەساب) وە نابێت هاوکاری بکەن لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵ و پارچە پارچە کردنی گۆشت.
4- بەبێ دەستکێش مامەڵە کردن لەگەڵ جەستەی ئاژەڵی سەربڕاو مەکە وە دوای پۆشینی دەستکێش و کەلوپەلی خۆپارێزی گۆشتەکە پارچەپارچە بکە و پاشان دەستت بەباشی بشۆ.
5- لابردنی پاشماوەی ئاژەڵە سەربڕاوەکان ودانانی کیسی داخراو و فڕێدانی بۆشوێنی تایبەت.
6- بەکارهێنانی چەقۆ و تەختەی پارچەپارچەکردنی تایبەت بە گۆشت و شتن و پاکژکردنەوەی تەختە و چەقۆکان دوای بەکارهێنان.
7-پاککردنەوەی ئەو شوێنەی ئاژەڵەکەی لێ سەردەبڕێت، بەتایبەت ئەو شوێنانەی خوێنی لێیە بەماددەی کلۆریین (بلیچ- موعجیزە) ڕوونکراوە.
8 – باشتروايە گۆشت دواى سەربڕينى ئاژەڵ بوماوەى نيو كاتژمێر لە پلەى (4 – 8) پلەى سەدى هەڵبگيرێت پاشان بەكاربهێنريت، بەڵام گۆشتی کوڵاو هیچ کێشەی نییە و سەلامەتە و نابێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون.
9- ئەگەر ئاژەڵ گەنە يان مێرووى ترى هەبوو باشتروايە نەيكڕيت يان سەری نەبڕیت بۆ دووربوون لە نەخۆشیى تاى خوێنبەربوون.
وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند: "ئەم نەخۆشییە لەنێوان ئاژەڵەکان دەگوازرێتەوە، وە بۆ مرۆڤیش، بەهۆی گەنە و مێرووەکانی کە لەسەر ئاژەڵەکان دەژین وە بەهۆی خوێن و گۆشتی ئاژەڵەکەوە دەگوازرێتەوە".