هاتووچۆی سلێمانی دەربارەی گواستنەوەی ئەلیکترۆنی هۆشداری دەدات

٢٣ نيسانی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

هاتووچۆی سلێمانی ڕایگەیاند، ئەو کەسانەی گرێبەستی ئەلیکترۆنی دەکەن، پێویستە لە ماوەی کەمتر لە 60 ڕۆژدا مامەڵەکانی تەواوبکەن بە پێچەوانەوە ڕۆژانە 10 هەزار دینار، سزای دارایی دەدرێن.

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایەگەیاند، گرێبەستی ئەلیکترۆنی کە بۆ هەر یەک لە مامەڵەکانی تۆمارکردن، گواستنەوەی خاوەندارێتی ئەنجامدەدرێت لە نێوان کڕیار و فرۆشیار و ماوەی 60 ڕۆژ ڕێگاپێدراوە بۆ ئەنجامدانی هەر یەک لەو مامەڵانە و لە دوای تێپەڕبوونی ماوەی دیاریکراو سزای دواکەوتن دەیگرێتەوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لەدوای ئەو ماوەیەی دیاریکراوە، ئەگەر مامەڵەکە ئەنجامنەدرێت، ڕۆژانە 10 هەزار دینار، سزای دارایی دێتەسەر، ئەگەر هاوڵاتییەکە نەیەوێت مامەڵەی گواستنەوەی خاوەندارێتییەکە ئەنجامبدات پێویستە سەردانی بەشی یاسا بکات بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە بۆ ئەوەی سزای دواکەوتن نەیانگرێتەوە.