تەکنەلۆجیایەک، خەیاڵت بۆ دەکاتە ڕاستی!

٢٣ نيسانی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

نوبین nubbin، نوێترین نەوەی تەکنەلۆجیای سەردەم، کە ڕاستی دەگۆڕێت بۆ خەیاڵ، بەجۆرێک، جیاکردنەوەی لە ڕاستی کارێکی ئەستەم دەبێت.

کۆمپانیای TCKRبەرهەمێکی جیاواز دەخاتە بازاڕەوە، بە ناوی نوبین، کە بەرهەمێکە بەکارهێنەر کاتێک بەکاریدەهێنێت، دەکەوێتە خەیاڵەوە و ئامێرێکە بۆ یاریکردن، بەکارهێنانی سۆشیال میدیا، بیرکەوتنەوەی ئەو یادەوەرییانەی لە یاد چوون و گەڕان بەناو دونیای خەیاڵدا بەکاردێت، دوور لە جەنجاڵیی دەووروبەری.

نوبین، ئامێرێکی بچووکی شێوە بازنەیی ڕەشە و بە دوگمە و سیستمی دەنگی، کۆنترۆڵدەکرێت، لەکاتی بەکارهێناندا چاوی کەسی بەکارهێنەر سپی دەبێت. پێشتر ئامێرەکە لە زنجیرەدرامای ئەمریکییblack mirror دابەکارهاتووە، بەڵام لەئێستادا نوبین سۆشیال میدیاکانی تەنیوە و لەلایەن چەند کەسێکی بەناوبانگی جیهانییەوە تاقیکراوەتەوە و ڤیدیۆکانییان لە پلاتفۆرمەکانی وەک تیکتۆک و یوتیوب بڵاوکردووەتەوە، کە بووەتە جێگای سەرنجێکی زۆر لای خەڵک.

جێگای باسە، هەندێک لە خەڵک ئەم ئامێرە ڕەتدەکەنەوە و بە کاڵایەکی بازرگانی ناوی دەبەن، ئاماژە بەوەدەکەن هیچ ئامێرێ نییە بتوانێت بتگەڕێنێتەوە بۆ ڕابردوو و ئەوە کارێکی ئەستەمە و کۆمپانیای بەرهەمهێنەر دەیەوێت بەم شتانە خەڵک فریوبدات.

ئەو کەسانەی نوبین بەکاردەهێنن چی دەبینن؟

بەشێوەیەکی گشتی، بەکار‌هێنەرانی نوبین، لەدوای بەکارهێنانی ئامێرەکە باس لەوەدەکەن، هەر یەکەیان لە دونیایەکی جیاوازی خەیاڵدا ژیاون، وەک (گەڕاوەنەوە بۆ دونیای منداڵی، ژیان لە بۆشایی ئاسمان، بینینی ئەو کەسانەی مردوون، ئەزمونکردنی ژیانی ئاژەڵان...)

بەکارهێنەر چۆن دەتوانێت لە دونیای خەیاڵەوە بگەڕێتەوە دونیای ڕاستی؟

بەو پێیەی ئەم ئامێرە بە دوگمە و سیستمی دەنگی کۆنترۆڵدەکرێت، بەکارهێنەر دەتوانێت بە دەنگ یاخود دوگمە، بگەڕێتەوە بۆ دونیای ڕاستی.

تایبەتمەندییەکانی نوبین و بەراوردکردنی بە تەکنەلۆجیای VR:

- نوبین ئامێرێکە بۆ وێناکردنێکی خێرا کە لە دونیای ڕاستەقینەوە، دەتباتە دونیای خەیاڵ، بە کوالێتیی دەنگ و ڕەنگی بێوێنە، بەجۆرێک، کەسەکە بەتەواوی هەست بەو خەیاڵە دەکات.

- نوبین و VR، یان Virtual Reality تا ڕادەیەک لێکچوون

ڤی ئاڕ چاویلکەیەکە، کە زیاتر لە بواری گەیمینگ بەکاردەهێندرێت و کەسی بەکارهێنەر، بەتەواوی هەست دەکات کە کەوتووەتە ناو ئەو یارییەوە، بەڵام وەک کۆمپانیای بەرهەمهێنەری نوبین باسیدەکات، نوبین زۆر ڕاستەقینەترە و کوالێتیی دەنگ و وێنەی ڕوونترە.

بەکارهێنانی نوبین لە ڕووی سەلامەتییەوە:

کۆمپانیای بەرهەمهێنەر دڵنیایی دەدات لەوەی تەکنەلۆژیاکە بێزیانە، بەڵکو بۆ پاراستن، باشکردن و بەرزکردنەوەی بیرەوەریی مرۆڤ بەرهەمهێندراوە و سەلامەتیی بەکارهێنەریان لەبەرچاوگرتووە.

هەندێک کاریگەریی لاوەکی کە نوبین لەسەر بەکارهێنەرانی دروستیدەکات:

بەکارهێنەران لەکاتی بەکارهێنانی نوبیندا، بەشێوەیەکی کاتی ڕەنگی چاویان دەگۆڕێت بۆ نیمچە سپی، هەندێک لەو بەکارهێنەرانە، هەندێک نیشانەی وەک: ناڕەحەتی، سکچوون، سەرگێژخواردن، سەرئێشە، سڕبوون، یان هەستکردن بە گرژی یان فشاری مێشک دەبن. بۆیە کۆمپانیای بەرهەمهێنەر داوادەکات، ماوەیەکی زۆر بەکارنەهێندرێت.

جێی باسە، کۆمپانیای TCKR Systems کە بەرهەمهێنەری نوبینە، کۆمپانیایەکی تەکنەلۆجیی بەریتانییە، لە سەرەتاکانی ساڵی 1980 دامەزراوە، کۆمپانیاکە زیاتر سەرنج دەخاتە سەر کارکردن لە بواری تەکنەلۆجیای خەیاڵی.

بۆ بینینی ساتی تاقیکردنەوەی نوبین کلیک لێرە بکە .