ئاماری برینداربوون لە گرژییەکانی یاریگای نەورۆز ڕاگەیەندرا

٢٣ نيسانی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

لێپرسراوی سەنتەری فریاکەوتنی سلێمانی، ڕایگەیاند، ژمارەی بریندارەکانی گرژییەکانی شەوی ڕابردووی یاریگای نەورۆز گەیشتووەتە 57 کەس، زۆربەی بریندارەکان دۆخی تەندروستییان جێگیربووە و ڕەوانەی ماڵەوە کراون.

سامان نادر، لێپرسراوی سەنتەری فریاکەوتنی سلێمانی، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "لە دوای گرژییەکانی شەوی ڕابردووی یاریگای نەورۆز ئێمە بە ئەمبۆلانسەکانمان 27 کەسمان گەیاندووەتە نەخۆشخانە، هاوڵاتییان بە ئۆتۆمبێلی خۆیان 10 کەسیان گەیاندووەتە نەخۆشخانە و 20 کەسیش لە شوێنی ڕووداوەکە چارەسەی پێویستیان بۆ کراوە".

دەشڵێت: "زۆرینەی بریندارەکان برینەکانیان سووک بوون و دوای چارەسەر ڕەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە، ڕەنگە چەند بریندارێکی کەم لە نەخۆشخانە مابنەوە کە شکاویان هەبووبێت".

شەوی ڕابردوو، لەکاتی بەڕێوەچوونی یاری نێوان یانەی نەورۆز و زاخۆ، لە یاریگای نەورۆز، گرژی و ئاڵۆزی کەوتە نێوان هاندەرانی هەردوو یانە و بووە هۆی ڕاگرتنی یاریەکە.