حکومەتی کاربەڕێکەر بەنیازە بە کۆمپانیایەکی بیانی ئۆتۆمبێل لەناوخۆ دروست بکات

١٨ نيسانی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

بەرگەشت ئاکرەیی ڕایگەیاند، ئەو کۆمپانیایەی دێت بۆ کوردستان وەک کۆمپانیایەکی ناوخۆیی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت کە تایبەت دەبێت بە دروستکردنی ئۆتۆمبێل.

بەرگەشت ئاکرەیی، وتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، شاندێکی کۆمپانیا ئەڵمانییەکە سەردانیان کردووین، ئێستا گەڕاونەتەوە بۆ ئەڵمانیا تاوەکوو دیراسەی پرۆژەکە بکەن، دەستەی وەبەرهێنانیش چاوەڕێی گەڕانەوەی شاندی کۆمپانیاکە دەکەن تا کارنامەی تایبەت بە پرۆژەکە پێشکەش بکەن و کاری لەسەر بکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان زەوی بێبەرامبەر بۆ کۆمپانیاکە دابین دەکات و وەک کۆمپانیایەکی ناوخۆیی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، هەروەها بۆ ماوەی 10 ساڵ لە باجەکان دەبەخشرێت.

باسی لەوەشکرد، سەرمایەی پرۆژەکە نزیکەی 500 ملیۆن دۆلار دەبێت و لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەکە بە فەرمی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.​​​​​​​​​​​​​​​​