دەبارەی مووچە دڵنیایی دەدرێت

١٧ نيسانی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕایگەیاند، ئەو گۆڕانکارییەی لە نرخی نەوتدا ڕوویداوە، نابێتەهۆی شێواندنی پلانی حکومەت بۆ بودجەی 2025 و مووچەی مووچەخۆران زامنکراوە.

مەزهەر محەممەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، لە بودجەی 2025ـدا ئەولەویەت بە بەردەوامی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆران دراوە، لەگەڵ پاڵپشتیکردنی جوتیاران و جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، هاوتەریب لەگەڵ بەرنامەی حکومەت.

ڕاشیگەیاند، ئەو گۆڕانکارییەی لە نرخی نەوتدا ڕوویداوە، نابێتەهۆی شێواندنی پلانی حکومەت بۆ بودجەی 2025 و مووچەی مووچەخۆران زامنکراوە.

بودجەی فیدراڵیی "سێ ساڵە"، لە ساڵی 2023 بۆ ساڵانی 2023، 2024، و 2025 لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندکرا، بەڵام دەبێت ئەنجومەنی نوێنەران لای خۆیەوە خشتەی بودجە بۆ هەر ساڵێک پەسەندبکات، لەئێستاشدا، خشتەی بودجەی ساڵی 2025 هێشتا لای ئەنجومەنی وەزیرانە و لە هەموارکردنەوەدایە.