١٧ نيسانی ٢٠٢٥
ئەمیر تەتەلوو، گۆرانیبێژێکی بەناوبانگ لە جیهان بە گشتی و لە ئێران بە تایبەتی، میلیۆنان هەواداری هەیە لە سەرانسەری جیهان و هەرێمی کوردستانیش.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 17-4-2025، ئەسغەر جەهانگیر، وتەبێژی دەزگای دادی ئێران، ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دەسەڵاتی دادوەری ئێران، سزای لەسێدارەدانی بەسەر "ئەمیر حسێن مەغسودلوو، ڕاپەری لاوی دیاری ئێرانی ناسراو بە ئەمیر تەتەلوو" دەرکرد.
ڕاشیگەیاند، "ئەمیر تەتەلوو بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان و پێغەمبەر سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە، ئەو سزایە تا ئێستاش لە دادگای باڵای ئێران لە ژێر تانەدایە و تا بڕیاری کۆتایی دەرنەچێت ناتوانرێت بە کۆتایی هەژمار بکرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، دادگای باڵا سزای پێنج ساڵ زیندانی پێشووی هەڵوەشاندەوە بەهۆی "سوکایەتیکردن بە شتە پیرۆزەکان"، پاشان دۆسیەکە ڕەوانەی دادگای باڵا کراوە، کە دوای ئەوەی دەرکەوت، کە تۆمەتەکانی لەسەر سەلمێندراون، سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا.
ئەو بڕیارە لەسەر بنەمای ماددەی 262ی یاسای سزادانی ئێران بووە، کە بە سزای لەسێدارەدان بۆ سوکایەتیکردن بە پێغەمبەری ئیسلام "محەممەد" (د.خ) دیاریکراوە.
ئەم دۆسیەیە مشتومڕێکی بەرفراوانی لە ئێران بەدوای خۆیدا هێناوە، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ داوای ڕاگرتنی جێبەجێکردنی سزای هونەرمەندان و ڕۆشنبیران دەکەن بەهۆی دەربڕینی بیروڕای خۆیان یان بەشداریکردنییان لە چالاکییە هونەرییەکان.
ئەمیر حسێن مەغسودلوو، ناسراو بە (ئەمیر تەتەلوو) لە ساڵی 1987 لە تاران لە دایکبووە، لە ساڵی 2003، دەستی بە کاری هونەری کردووە و بە شێوازی ڕاپ گۆرانی وتوە و بە یەکێک لە گۆرانیبێژە بەناوبانگ و مشتومڕاوییەکان و "کەسایەتییە ناودارەکان" لە ئێران ناسراوە.
هۆکاری دەستگیرکردنەکانی تەتەلوو:-
1- ئەو گۆرانیبێژە لە ساڵی 2013 لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستگیرکرا.
2- جارێكیتر، لە ساڵی 2016، زیاتر لە دوو مانگ بە تۆمەتی "تێکدانی بیر و ڕای گشتی و بڵاوکردنەوەی گەندەڵی و کاری نەشیاو" دەستگیرکرا.
3- لە ساڵی 2018 لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە بە تۆمەتی "پێشێلکردنی ڕێنماییەکانی ڤیزا" دەستگیرکرا.
4- تەتەلوو لە ساڵی 2019 جارێکی تر دەستگیرکرایەوە لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەمجارەیان زیاتر لە دوو مانگ زیندانیکرا.
5- لە ساڵی 2020، دوای ئەوەی بانگەشەی بۆ شوێنی "کاری نەشیاو" کرد و داوای لە کچانی تەمەن 15 بۆ 20 ساڵ کردبوو بێنە ناو شوێنەکەی، کە ئەمەش بە بانگهێشت کردن بۆ "کاری نەشیاو" هەژمارکرا و دەستگیرکرا.
هۆکاری داخستنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی (ئینستاگرام):-
1- ڕۆژی 9ـی تشرینی دووەمی 2018، کۆمپانیای مێتا، خاوەنی ئەپڵیکەیشنی "ئینستاگرام"، ڕایگەیاند، کە هەژماری ئەمیر تەتەلووی داخستووە؛ چونكه له چهند ڕۆژێكی پێشتردا تەتەلوو "وتهی سوكایهتی به ژنان"ـی بهكارهێناوه و داوای له لایهنگره پیاوەكانی كردووه "سوكایهتی به ژنان بكهن و لێیان بدەن".
بە وتەی کۆمپانیاکە، ئاسایشی بەکارهێنەرانی "گرنگترین بەرپرسیارێتی" کۆمپانیاکەیە و زۆر پابەندن لە جێبەجێکردنی یاساکانیاندا، ئەوکات تەتەلوو چوار ملیۆن شوێنکەوتووی هەبوو.
2- لە 25ـی نیسانی 2020، ئەکاونتی نوێی ئینستاگرامی تەتەلوو کە زیاتر لە 4.4 ملیۆن شوێنکەوتووی هەبوو بۆ جاری دووەم داخرا لەلایەن ئێرانەوە، ڕووداوەکە دوای ئەوە هات، کە لە چەند ستۆرییەکیدا نووسیبووی بە نیازە حەرەمخانە( کۆشک)ێک دابنێت و داوای لە کچانی تەمەن 15 بۆ 20 ساڵ کردبوو بێنە ناو کۆشکەکەی، کە بە بانگهێشت کردن بۆ "کاری نەشیاو" هەژماردەکرا.