پارتی و یەكێتی ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشییان بڵاوكردەوە

١٥ نيسانی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە.

ئەمڕۆ سێشەمە 15-4-2025، لە ڕاگەیەندراوی هاوبەشی پارتی و یەكێتی دوای كۆبوونەوەیان هاتووە، "ئەمڕۆ سێشەم، 15-4-2025 لە بارەگای مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پیرمام، هەردوو شاندی دانوستانكاری یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوونەوە".

ئاماژە بەوەشكراوە، "لە كۆبوونەوەكەدا، كە لە كەشێكی دۆستانە و ئەرێنیدا بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەی هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت كرا و، هەنگاوی ئیجابی و بەرەوپێشچوونی باش هەبوو و لە ڕۆژانی داهاتوودا كۆبوونەوەكان بەردەوام دەبن".

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی ڕابردوودا پارتی و یەكێتی لە ڕێگەی لیژنەكانیانەوە بۆ پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكوومەت، ڕەشنووسێكیان ئامادەكردووە و بڕیارە لە داهاتوودا بڕیاری كۆتایی لەبارەی پێكهێنانی حكوومەت بدرێت.