ئەمریکا دوو مەرج بۆ ئێران دادەنێت

١٥ نيسانی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند: ''هەر ڕێککەوتنێکی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران پەیوەستە بە دوو مەرجەوە".

ڕۆژی شەممە، 12-4-2025، شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە نێوەندگیری عوممان لە مەسقەت کۆبوونەوە، هەردوولا کۆبوونەوەکەیان بە ئەرێیی باس کرد.

لەوبارەیەوە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند:''هەر ڕێککەوتنێکی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران پەیوەستە بە دوو مەرجەوە، مەرجەکان بە پلەی یەکەم لەسەر لێکۆڵینەوە لە بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆمی چەکی ئەتۆمی دەبێت، دووەمیان لێکۆڵینەوە لە پرسی چەک، ئەمەش مووشەک و جۆری مووشەکەکان دەگرێتەوە''.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئیرنا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، گەڕی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا ڕۆژی شەممەی داهاتوو 19-4-2025 لە مەسقەت بەڕێوەدەچێت.