کۆمسیۆن: دانانى هەڵەبجە وەک بازنەیەكی هەڵبژاردن پێویستی بە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنە

١٥ نيسانی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، پرسی دانانی هەڵەبجە وەک بازنەیەكی هەڵبژاردن، پێویستی بە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنە.

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، لە لێدوانێکدا راگەیاند، پرسی دانانی هەڵەبجە وەک بازنەیەكی هەڵبژاردن، پێویستی بە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و دیاریکردنی ژمارەی کورسییەکانی ئەم پارێزگا نوێیە.

ئاماژەی ئەوەشکرد، هێشتا زووە بۆ ئەوە، بەو پێیەی دەبێت یاساکە لەلایەن سەرۆکی کۆمارەوە پەسەند بکرێت، دواتر لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوبکرێتەوە، دواتر دەرکردنی مەرسومی سەرۆکایەتی بۆ هێناكایەی ئەم پارێزگایەو دیاریکردنی سنوریی كارگێڕی جێبەجێ دەکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، دوای ئەوە فەرمانگەی ناوخۆیی دادەمەزرێت، لەنێویاندا فەرمانگەی هەڵبژاردن و، هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن بۆ دیاریکردنی ژمارەی کورسییەکانی ئەم پارێزگایە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوانەکەی.