خواردنی ماست و ماسی بەیەکەوە زیانی تەندروستی هەیە؟

١٤ نيسانی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

دەوترێت خواردنی ماست و ماسی پێکەوە زیانی تەندروستی دەبێت، بەڵام شارەزایانی بواری تەندروستی ڕایدەگەیەنن کە ڕاست نییە و بەپێچەوانەوە سووی تەندروستی زۆری هەیە.

ماست دەوڵەمەندە بە پرۆتین و ماددەی کالسیۆم و سودی تەندروستی بۆ ئێسک و ددانەکان هەیە هەروەها لە سوودەکانی ماسی، نەخۆشییەکانی دڵ کەمدەکاتەوە و هەوکردنی جومگەکان چارەسەر دەکات و کۆلیستڕۆڵ دادەبەزێت.

"دلێر ڕەزا عەبدولکەریم" پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌كانی پێست، ئاشکرایکردووە، ده‌وترێت خواردنی ماست و ماسی ئەگەر بەیەکەوە بخورێن، گوایە مرۆڤ تووشی نه‌خۆشی به‌ڵه‌ك یپێست ده‌كات، ئه‌مه‌ بۆچوونێكی هه‌ڵه‌ و زانیارییه‌كی نادروسته‌، بەپێچەوانەوە چەندین سوودی تەندروستی ھەیە.

وتیشی، بەپێی لێکۆڵینەوە نوێیەکان لە ئەنجامی کارلێکی پڕۆتینەکانی ماسی و ماست ڕەنگە بەشێکی کەم لە مرۆڤ تووشی ھەستیاری پێست بکات، بەڵام بە ماوەیەکی کەم و کاریگەرییەکی ئه‌وتۆی نابێت.

لە درێژەی قسەکانیدا پسۆڕەکە ئاماژەی بەوەداوە، ماست دەوڵەمەندە بە ماددەی کالسیۆم کە گرنگە بۆ تەندروستی مرۆڤ بەتایبەتی بۆ ئێسک و ددانەکان، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەیەکی باش لە پرۆتینەکانی تێدایە، ماسوولکەی جەستەش بەھێز دەکات، ھەروەھا ئەو بەکتریا بەسوودەی کە لەناو ماست بوونی ھەیە یارمەتی ھەرسکردنی خۆراک دەدات.

کاتێکیش ماست لەگەڵ ماسی دەخورێت بەھۆی ئەوەی سەرچاوەیەکە بۆ دەستکەوتنی کانزاکانی کالیسیۆم و فۆسفۆر و یۆد، سودەکانی بۆ تەندروستی ئێسک و ددانەکان دوو ھێندە دەبنەوە، لەگەڵ ئەوەی "ئۆمێگا سێ" کە لەناو ماسی بوونی ھەیە توانای لەناوبردنی چەوری زیان بەخشی دەبێت، ھەر بۆیە ئەو کەسانەی کە ئارەزوو دەکەن کێشی جەستەیان کەمبکەنەوە یان خۆراکێکی تەندروست بخۆن دەتوانن سوود لە خواردنی ماسی و ماست بەیەکەوە وەربگرن.