١١ نيسانی ٢٠٢٥
برایەکی ئاڤێستا یوسف دەڵێت: "هیچ شتێكی شاراوە لە ڕووداوی خنکانی خوشکەکەمدا نییە و هەڵبژاردنی شوێنەکەش لەسەر داواکاریی ئەو بووە".
حوسێن یوسف، برای ئاڤێستا یوسف، لە چاوپێکەوتنێکدا وتی: "لەسەرەتای مانگی ڕەمەزانەوە خوشکەکەمان دەیویست لەگەڵ ئێمەدا گەشت ئەنجام بکات، هەربۆیە هۆکاری سەرەکی بۆ هەڵبژاردنی ئەو ناوچەیەی گەشتەمان لێکرد، دەگەڕێتەوە بۆ حەزی ئاڤێستا، چونکە ئەو ناوچەیەی پێ جوان بووە و لەسەر داواکاریی ئەو شوێنەکە هەڵبژێردرابوو".
وتیشی: "هیچ شتێکی شاراوە لەم ڕووداوەدا نییە و ئەو دەنگۆ و گومانانەی دەربارەی ڕووداوەکە باسدەکرێت، ئەگەر گوێیان بۆ بگرین ئەوا دەبێت تەنها سەرقاڵی ئەو بابەتانە ببین".
دەشڵێت: "خۆشەویستی و پەیوەندیی نێوان خوشک و برا پێناسە ناکرێت، هەربۆیە هیچ برایەک قبوڵ ناکات لە بەرچاویدا خوشكێكی تووشی ڕووداوێکی لەم جۆرە ببێت، بەڵام کاتێک خودا ویستی لەسەر هەرچییەک بێت هەر ئەو شتە ڕوودەدات".
ئاڤێستا یوسفی تەمەن 27 ساڵ، کە پیشەی مامۆستا بووە، دەکەوێتە ناو ڕووباری تەنگاتوری سنوری قەزای مێرگەسور و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.