١٠ نيسانی ٢٠٢٥
چەمكە مەعریفی و فەلسەفی و پەروەردەیی و سیاسیەكان، زادەی بیری مرۆڤن، لەدایكبووی كۆمەڵگەن، دەرهاویشتە و لێكەوتەی هەلومەرجە سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابورییەكانن و لەسەر زەویەوە سەرچاوە دەگرن.
بەڵام چەمكە قورئانیەكان سەرچاوەكەیان خوای موتەعالە و لە ئاسمانەوە سەرچاوەیان گرتووە، بۆ نموونە: ڕۆژوو، نوێژ، زەكات، حەج، ئەمانەت، تاعەت، اولوا الامر، قیبلە... هتد. هەریەك لەو چەمكانە ئاسمانین و ناكرێ لەژێر هیچ پاساوێكدا ناوی داتاشراویان بەباڵادا بكرێ. گەروا بكرێ، ئەوە گەورەترین تاوانە و درۆیە بەدەم خوداوە.
لەم نوسینەدا هەوڵدەدەین لەكڵاو رۆشنەیەكی قورئانیەوە باس لەو چەمكە ستەملێكراو و شێوێنراوە بكەین كە پێیدەوترێ ( أولوا الامر) . پاشان بزانین لە قورئانی پیرۆز شتێك هەیە بەسیغەی ( وەلی ئەمر)؟ ئەی شرۆڤەکاران و زانایانی ئیسلام ڕایان چییە سەبارەت بە ( اولوا الامر) ؟؟
( وەلی ئەمر) یان ( اولوا الامر) ؟؟
لەدەقە قورئانیەكاندا وە لە فەرموودەكانی پیغەمبەری ئیسلام – درودی خوای لەسەر بێت- وە لای زانایانی موعتەبەر شتێك نیە بەناوی ( وەلی ئەمر)ەوە، بەڵكو ئەوەی هەیە ( اولوا الامر). بە سیغەی كۆ . لە قورئانی پیرۆزدا لە دوو ئایەتدا لە سورەتی ( نیساء) ، خوای گەورە ناوی ( أولوا الامر)ی هێناوە؛
ئایەتی یەكەم: ئایەتی ژمارە ( 59) ((يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا أَطِيعُوا اللَّهَ وَأَطِيعُوا الرَّسُولَ وَأُولِي الْأَمْرِ مِنْكُمْ)). واتە : ((ئەی ئەوانەی باوەڕتان هێناوە، گوێڕایەڵی خوا و پێغەمبەر و فەرمانڕەواكان بكەن كە لەخودی خۆتانن - لە بیروباوەڕ و پابەندیدا- )).
لێرەدا دەپرسین (أولوا الامر) كێن؟وەڵامەكە بەهەوەسبازی و دەمارگیری نابێت. هاوەڵانی پێغەمبەر - درودی خوای لەسەر بێت وە تابیعین و موفەسیرین بەتایبەت تەبەری و قورتوبی و ئیبنو كەسیر و ئیبنو تەیمیە و نەوەوی و زۆرێكی تر لە موفەسیرین و زانایان لەسەر ئەوەن كە ( أولوا الامر) واتە كاربەدەستان و فەرمانڕەواكان و زانایانی پسپۆرییە جیاجیاكان . پاشان وشەی (منكم ) هاتووە، واتە ئەو كاربەدەستەی كە گوێڕایەڵی واجبە دەبێ لە ئیمانداران بێت .. یانی چی؟؟ واتە . دەبێ نوێژگەر و دادپەروەر و پابەندی ئەحكام و ڕێساكانی شەریعەت بێت و بەرگری لە مەزڵومان و خاكی موسڵمانان بكات و كۆمەڵێ مەرجی تر كە زانایان بەكۆدەنگی دایانناوە وەك مەرجی بنەڕەتی بۆ ( اولوا الامر) وەك (ماوەردی لە ئەحكام سوڵتانی)دا هێناوێتی .
(قورتوبی) بەر لە 790 ساڵ كە دەبینێت هەندێ لە كاربەدەستانی ئەو سەردەمە دادپەروەر نین و مافی خەڵكی دەخۆن، وتویەتی: ( كاربەدەستانی ئەم زەمانەیە دروست نیە بەگوێیان بكەین، حەرامە پشتگیرییان بكەین، نابێ بەگەورەیان بزانین) ئەم ئایەتەش كە پێشتر ئاماژەمان پێكرد، راستەوخۆ دوای ئایەتی ( إِنَّ اللَّهَ يَأْمُرُكُمْ أَنْ تُؤَدُّوا الْأَمَانَاتِ إِلَى أَهْلِهَا وَإِذَا حَكَمْتُمْ بَيْنَ النَّاسِ أَنْ تَحْكُمُوا بِالْعَدْلِ ) هاتووە كە زۆرینەی زانایانی سەلەف و موفەسیرین دەڵێن مەبەست پێی كاربەدەستان و فەرمانڕەوا موسڵمانەكانە لە گێڕانەوەی مافەكان و دادپەروەری لەنێوان خەڵكیدا.
ئایەتی دووەم لەهەمان سورەتدا – واتە نیساء- خوای موتەعال دەفەرموێ((وَإِذَا جَاءَهُمْ أَمْرٌ مِنَ الْأَمْنِ أَوِ الْخَوْفِ أَذَاعُوا بِهِ وَلَوْ رَدُّوهُ إِلَى الرَّسُولِ وَإِلَى أُولِي الْأَمْرِ مِنْهُمْ لَعَلِمَهُ الَّذِينَ يَسْتَنْبِطُونَهُ مِنْهُمْ)). واتە: هەركاتێك هەواڵێكیان بۆ بێت دەربارەی ئاسایش و هێمنایەتی، یاخود ترس و بیم، بڵاویدەكەنەوە، خۆ ئەگەر ئەو هەواڵەیان بڵاونەكردایەتەوە و بیانگێڕایەتەوە بۆلای پێغەمبەر یان بۆلای (كاربەدەستانێك كە لە خۆیانن)، ئەوە ئەوانەی كە لە نهێنی هەواڵەكان تێدەگەن و دەكۆڵنەوە، نهێنی و ڕازەكانیان لێ دەردەهێنا.
بەوردی سەرنج بدەین لێرەشدا ( اولوا الامر) هاتووە نەك ( وەلی ئەمر) . هەروەها وشەی (منهم) هاتووە واتە لە موسڵمانان.
ماوەتەوە بڵێین:
یەكەم: پێدانی نازناوی ( وەلی ئەمر) بەكاربەدەستانێ كە ڕێبازی ئیسلام وەلادەنێن و شەریعەت پیادە ناكەن و هیچ پابەندییەكی ئاینییان نیە و مەرجی (ئیمام ) یان (خەلیفە) یان (امیر المومنین)یان تێدا نیە، دەڵێین: پێدانی ئەو نازناوە بەو جۆرە كاربەدەستانە، هەڵقوڵاوی هزری لادەرانە و دەروون بەزیوانەی ( مورجیئە)یە كە بە گۆشەی 180 پلە پێچەوانەی گروپی سەرلێشیواوی ( خەواریج)ە. (مورجیئەش) ئەو گروپە گومڕا و ڕێونكەرەن كە تەنانەت پێیانوایە ( فیرعەونی )ش موسڵمانە چونكە دواجار وتی باوەڕم بە خوای بەنوئیسرائیل هێنا.
دووەم: قسەكردن لەسەر چەمكەكانی قورئان و مانای ئایەتەكان، گۆترەبازی و شەخسەنە نیە و دەبێ بگەڕێینەوە بۆ خودی قورئان و زانایانی سەلەف. كۆدەنگی زانیانیش لەسەر ئەوەیە كە (اولوا الامر) زانایان و كاربەدەستانن و ئەهلی حەل و عەقد و ئەنجومەنی شوران.
سێیەم: لە هەردوو ئایەتەكە وشەی ( منكم) وە ( منهم) هاتووە، كە ئەمەش مەرجی سەرەكی گوێڕایەڵبوون و بەگوێكردنی ( اولوا الامر)ە، كە دەبێ لە گروپی موسڵمانان بن و ڕێوڕەسم و دروشمە ئاینیەكان جێبەجێ بكەن و فەرمان بەخراپە نەكەن و پابەندی قەولی و عەمەلی شەرعی خوا بن، چونكە ( گوێڕایەڵی بۆ هیچ مەخلوقێك نیە لە بێ ئەمری خوای گەورە)دا.
چوارەم: شتێك نیە بەناوی (وەلی ئەمر) نە لە قورئان نە لە سوننەت، نە لە كتێبە فیقهیەكان، بەڵكو ناوەكانی (ئەمیری موسڵمانان، خەلیفە، ئیمام) هاتووەو بەس، ئەویش بەمەرجی موسڵمانبوون و پابەندبوون بە یاسا و ڕێساكانی شەریعەتەوە.
پێنجەم: بەخشینی ناوی ( وەلی ئەمر) بە كاربەدەستان و دەسەلاتدارە دەستڕۆشتووەكان، كە نەك پابەندی شەریعەت نین، بەڵكو شەریعەتی خوا ڕەتدەكەنەوەو بە عەمەلی هیچ جۆرە پابەندییەكیان بە ئایینەوە نیە. دەڵێین: بەخشینی ناوی (وەلی ئەمر) بەم جۆرە دەسەڵاتدارانە، گەورەترین ناپاكی زانستیە و پینەكردنی دونیای ستەمكارانە بە فرۆشتنی ئایین .
شەشەم: لەهەموو حاڵەتەكاندا، سەرۆكی وڵات هەر ناوێكی هەبێ( امیر المومینین، خەلیفە، سولتان، وەلی ئەمر- وەك ئەزعەفول ئیمان -) دەبێ ڕاستەوخۆ لەڕێی گەلەوە هەڵبژێردرێت و متمانەی پێبدرێ، یان لە ڕێی ئەنجومەنی شوراوە، لەهەردوو بارەكەشدا دەبێ پابەندی شەرع و شورا بێت و تاكڕەوانە مامەڵە نەكات.