سەرجەم تیمەکانی بەرگری شارستانی خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

٢٩ ئازاری ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

بەرگری شارستانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەبۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزان و پشووەکان، سەرجەم هێزەکانی بەرگری شارستانی لە هەرێم خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەبۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزان و پشووەکانی ئەم جەژنە، لەسەر فەرمانی بەڕێوەبەری گشتی بەرگری شارستانی هەرێمی کوردستان، لە ڕێکەوتی 29-03-2025، تاوەکو 05-04-2025، سەرجەم هێزەکانی بەرگریی شارستانی، لە تەواوی هەرێمی کوردستان خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتییان.

دەشڵێت، جێبەجێکردنی پلانی جەژن بەمشێوەیە دەبێت:-

* سەرجەم بنکەکانی ناو شار و دەرەوی شار، لە ئێشکگری تەواودا دەبن.

* ⁠تیمە گەڕۆکەکان لە شوێنە گشتییەکانی ناو شار و بازاڕەکان، جێگیردەکرێن.

* ⁠بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی پارێزگاکان و دەستەی گەشتوگوزار، تیمە گەڕۆکەکان بۆ پاراستنی گەشتیاران لە تەواوی ناوچە گەشتیارییەکان جێگیردەکرێن.

هاوکات بەرگری شارستانی هەرێم چەند ڕێنماییەکیشی بۆ هاوڵاتییان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، لەپێناو سەلامەتی هاوڵاتییان، ئەم ڕێنماییانە پەیڕەوبکەن:-

1- لەکاتی ڕوودانی هەر ڕووداوێک، سەرەتا پەیوەندی بە ژمارە (115) بکە بۆئەوەی تیمەکانی بەرگریی شارستانی، بەزووترین کات بگەنە شوێنی ڕووداوەکە.

2- ئەگەر بەمەبەستی گەشت و سەیران لە ماڵ دەرچوویت، باشترە هەموو ئامێرە کارەباییەکان بکوژێندرێتەوە، چونکە لەماوەی ڕابردوودا، زۆرترین حاڵەتی سووتانی ماڵان ڕوویداوە کە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە.

3- ناوچە گەشتیارییەکان بپارێزە و وریای پاشماوەی ئاگری چێشتلێنان بن، بەتەواوی بیکوژێنەوە کە کارت پێی نەما.

4- خەڵوزی نێرگەلە هۆکاری سەرەکیی ڕووداوی ئاگرە لە ماڵان و دەشت و دەرەکان.

5- ⁠بەهۆی کەمیی بارانبارین لە ئەمساڵدا، وشکیی خاک و بوونی پوش و پەڵاش، فڕێدانی جگەرە مەترسیدارە، بۆیە کە جگەرەکەت کێشا لە جامی ئۆتۆمۆبیلەکەت فڕێی مەدە دەرەوە، بەتایبەتی لە ڕێگاکانی دەرەوەی شار.

6- ⁠خاوەن هۆتێل و مۆتێلەکان و شوێنە گەشتیارییەکان دەبێت بەتەواوی ڕێنماییەکانی بەرگریی شارستانی جێبەجێبکەن کە پێیاندراوە، چونکە پاڵەپەستۆیەکی زۆریان لەسەر دەبێت بەهۆی هاتنی گەشتیاران لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق.

7- شەقامەکانی دەرەوەی شار قەرەباڵغ دەبن، تکایە لەکاتی لێخوڕینی ئۆتۆمۆبێل پەیڕەوی ڕێنماییەکانی برایانی پۆلیسی هاتوچۆ بکەن.

8- ⁠لەو ناوچانەی ئاوی لێیە، تکایە مەلە مەکەن و ژیانی خۆتان مەخەنە مەترسییەوە.

9- دایکان و باوکان، تکایە ئەگەر بەمەبەستی گەشت چوونە دەرەوە، ئاگاداری منداڵەکانتان بن لەو شوێنانەی ئاوی لێیە، با ڕووداوە ناخۆشەکانی ساڵانی ڕابردوو دووبارە نەبنەوە.

10- لە هەموو بارودۆخێکدا، تکایە بەزووترین کات پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی بەرگریی شارستانیی ژمارە 115.