وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف: سبەی لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی کۆدەبنەوە

٢٨ ئازاری ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

بڕیارە سبەینێ، بۆ دیاریكردنی ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان، لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی كۆببێتەوە، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیش دەڵێت، لە چەند شوێنێکی جیاواز چاودێری بینینی مانگ دەکەن.

نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "سبەی 29ــی ڕەمەزان، لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنە لاوەكییەكانی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكانی كوردستان كۆدەبێتەوە و چاودێری بینینی مانگ دەكەن".

وتیشی: "لە پارێزگای هەولێر لە سەنتەر و لە سنووری چۆمان و حاجی ئۆمەران، لە سلێمانی لە چیا گڵەزەردە، لە دهۆك لە چیای زاوا، چاوێری بینینی بانگ دەكرێت، ئەگەر سبەی شەممە مانگ بە بەڵگەوە لە ئاسمانی كوردستان ببینرێ، ئەوا بە دڵنیایەوە ڕۆژی یەكشەممە دەبێتە یەكەمین ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، ئەگەریش سبەی ئێوارە مانگ بە بەڵگەوە نەبینرێ، ڕۆژی دووشەممە دەبێتە یەكەمین ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز".

باسی لەوەشكرد، "بڕیاری ڕاگەیاندنی جەژن، لە دەسەڵاتی لیژنەی باڵای بینینی مانگە لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، كە لیژنەیەكی هاوبەشە لە نێوان وەزارەتی ئەوقاف و یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستانە، بۆیە هەر بڕیارێك بدرێ، بڕیارێكی دروستە و هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستان چاوەڕێی بڕیاری ئەو لیژنەیەن".