٢٨ ئازاری ٢٠٢٥
شارەوانی سلێمانی، ئاگاداری کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ دەکات، پاش کۆتایی هاتنی پشووەکانی جەژنی ڕەمەزان ڕێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی، لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "بەداخەوە بەشێك لە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ لە كاتی گواستنەوەی چیمەنتۆدا پابەندی شێوازی كارەكانیان نابن و بەشێك لە چیمەنتۆكانیان لەناو شەقامە سەرەكییەكاندا دەڕژن و شەقامەكە دەشێوێنن و دەبنە گرفت بۆ هاتووچۆی هاوڵاتییان كە زۆرجار مەترسی ڕووداوی لێدەكەوێتەوە".
ئاماژەی بەوەشكردووە، "ئەمڕۆ هەینی لە شەقامی سەرەكی قوولەرەیسی، بەهۆی ڕژانی چیمەنتۆوە، لەلایەن یەكێك لە ئۆتۆمبێلەكانی كۆمپانیاكانی بەرهەمێنانی چیمەنتۆوە، گرفتی هاتووچۆ دروستبوو".
ئەوەشی ئاشکراکردووە، "پاش پشووەكانی جەژن ڕەمەزانی پیرۆز ڕێكاری یاسایی بەرامبەر ئۆتۆمبێلەكە و كۆمپانیاكەش دەگیرێتەبەر".