موقتەدا سەدر داوا لە لایەنگرانی دەکات بایکۆتی دەنگدان بکەن

٢٨ ئازاری ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

موقتەدا سەدر، داوا لە لایەنگرانی دەکات، بایکۆتی دەنگدان و بەربژێربوون بکەن.

موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە، بایکۆتکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتووی عێراقی راگەیاند و هۆکارەکەشی بۆ بەردەوامبوونی گەندەڵی دەگەڕێنێتەوە. داواشی لە لایەنگرانی دەکات، بایکۆتی دەنگدان و بەربژێربوون بکەن.

لە وەڵامی پرسیاری لایەنگرانیدا سەبارەت بە بۆچوونی لەبارەى رۆڵیان لە ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، ئاشکراشیکرد: "با هەمووان بزانن، بەهۆی بەردەوامبوونی گەندەڵییەوە، بەشداری لە هەڵبژاردنێکی خواروخێچدا ناکەم".

ڕوونیشیکردەوە: "هەڵبژاردنەکان ئامانجیان تەنیا بەرژەوەندیی تائیفەگەری و حیزبییە و دوورە لە نەهامەتییەکانی گەلی عێراق و ئەو کارەساتانەی لە ناوچەکە روودەدات، هۆکارى سەرەکیی تێوەگلانی عێراق و گەلەکەیەتی لە کۆمەڵکوژییەک، کە هیچ بەرژەوەندییەکیان تیادا نییە".

موقتەدا سەدر دەشڵێت: "چۆن پێشتر فەرمانی بە لایەنگرانی رەوتی نیشتمانیی شیعە کردووە دەنگبدەن، ئەمڕۆ داوایان لێدەکەم بایکۆتی دەنگدان و بەربژێربوون بکەن” .