٢٧ ئازاری ٢٠٢٥
بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر ڕایگەیاند، دوای جەژن دووەم بەشەخۆراک بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27-3-2025، دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، هاتنی خۆراک دەستی پێکردووە و دوای جەژن دووەم بەشەخۆراک دابەش دەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، ئازاد حوسێن، جێگری بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی ڕایگەیاند، رەزامەندی بۆ دابەشکردنی خۆراک دراوە و دوای جەژن راستەخۆ دابەشی دەکەین.
ئاشکراشیکرد، جگە لە رۆنی شل کە "لە بەغداوە بە کەمی" دێت، مادەکانی دیکەی بەشەخۆراک لە کۆگاکاندا هەن.
ئەوەی بڕیارە دابەش بکرێت بۆ یەک کەس پێکدێت لە: یەک کیلۆ شەکر، سێ کیلۆ برنج، یەک لیتر زەیت (لەگەڵ گەیشتی دابەش دەکرێت)، 400 گرام دۆشاوی تەماتە، نیو کیلۆ نیسک، نیو کیلۆ لەتکە نۆک و 9 کیلۆ ئارد.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 5 ملیۆن و 354 هەزار کەس مانگانە بەشەخۆراک وەردەگرن.