٢٧ ئازاری ٢٠٢٥
وتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئاینی کوردستان ڕایگەیاند، بۆ دیاریکردنی جەژنی رەمەزانی پیرۆز، رۆژی شەممە چاودێریی مانگ دەکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27-3-2025، د.عەبدوڵا شێرکاوەیی، وتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئاینی کوردستان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، بە پشتبەستن بەبنەما شەرعییەکانی ئایینی ئیسلام، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان لە رێگەی لیژنەی باڵای بینینی مانگەوە بڕیار لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان دەدات.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ دیاریکردنی جەژنی رەمەزانی پیرۆز، رۆژی شەممە چاودێریی مانگ دەکەن.
ڕوونیشیکردەوە، ئەو هەواڵانەی لەملا و لا لەبارەی دیاریکردنی ڕۆژی جەژنەوە بڵاودەکرێنەوە هیچ بنەمایەکی زانستی و شەرعییان نییە.
لەلایەکی دیکەوە، ناوەندی نێودەوڵەتیی فەلەکناسی ڕایگەیاندووە، مانگی ڕەمەزانی ساڵی دوو بەروازی جیاوازی بۆ جەژن تێدا دەبێت، بەجۆرێک هەندێک وڵا ڕۆژی 30ـی مانگ جەژنیان دەبێت و هەندێکی تریان ڕۆژی دواتر.