سبەینێ مووچەی مانگی سێ دابەش دەکرێت

٢٦ ئازاری ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند، سبەی پێنج شەممە دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی ئازار دەکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 26-3-2025، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، کەمێک لەمەوبەر بڕی (954,880,467,779) نۆ سەدو پەنجاو چوار ملیار و هەشت سەدو هەشتا ملیۆن و چوار سەدو شەست و حەوت هەزارو حەوت سەدو حەفتاو نۆ دینار وەک تەموویلی مووچەی مانگی ئازاری مووچەخۆران و فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

ئاشکراشیکرد، سبەی پێنج شەممە، دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی ئازار دەکرێت.

هاوکات، وەزارەتی دارایی چەند تێبینییەک دەخاتە ڕوو،

1-ئەو مووچەخۆرانەی لە ڕێی پرۆژەی هەژماری منەوە مووچە وەردەگرن ڕاستەوخۆ پارە دەخرێتە سەر هەژمارەکانیان و لەڕێگای کورتەنامەوە ئاگادار دەکرێنەوە.

2-ئەو مووچە خۆرانەی بەشێوەی کاش مووچە وەردەگرن، دوای گواستنەوەی پارە بۆ بانکەکان لە کەمترین ماوەدا ،ڕاستەوخۆ دەست بەدابەشکردنی مووچەکانیان دەکرێت.