ئەمڕۆ زنجیرەیەک ئەشکەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن سوپای تورکیاوە تەقێندرانەوە

٢٥ ئازاری ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

کامەران عوسمان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ سوپای تورکیا زنجیرەیەک ئەشکەوتی لە گوندی سگێرێ لە سنوری قەزای ئامێدی تەقاندەوە.

کامەران عوسمان، ئەندامی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند، لە کاتژمێر 1:10 خولەکی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆدا، سوپای تورکیا بە بەکارهێنانی TNT، زنجیرەیەک ئەشکەوتی لە گوندی سگێرێ لە سنوری قەزای ئامێدی تەقاندەوە و ئەشکەوتەکانی خاپوور کردن.

دووپاتیکردەوە، لە کۆتایی ساڵی 2020ەوە سوپای تورکیا، بارەگایەکی سەربازی لە گوندی سگێرێدا دروستکردووە کە بەهۆیەوە تەواوی دانیشتووانی گوندەکە، گوندەکەیان بەجێهێشتووە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا لە گوندەکانی دەوروبەر و قەزای ئامێدی و پارێزگای دهۆکدا نیشتەجێن.

باسی لەوەشکرد، لەسەرەتای ئەمساڵەوە، ئەوە دووەمجارە کە سوپای تورکیا ئەشکەوتەکانی سنوری قەزای ئامێدی بەئامانجدەگرێت.