٢٥ ئازاری ٢٠٢٥
وتەبێژی حکومەتی کاربەڕێکەر ڕایگەیاند، ئەگەر پارەکەی بەغدا بگاتە دەستمان، پێش جەژنی ڕەمەزان مووچە دابەش دەکەین.
ئەمڕۆ سێشەممە، 25-3-2025، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین کە بەر لە جەژن مووچەی تەواوی فەرمانبەران دابەش بکەین.
ڕوونیشیکردەوە، ئەگەر تەمویلەکە بگاتە دەستمان، پێش جەژن مووچە دابەش دەکەین.
ئاشکراشیکرد، لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ هەنگاوی باشمان بڕیوە و لەسەر زۆربەی ئەو کێشە تەکنیکییانەی مووچە کە هەبوون چارەسەر دۆزراوەتەوە.
ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، نۆ سەدو پەنجاو چوار ملیار و هەشت سەدو هەشتا ملیۆن و چوار سەدو شەست و حەوت هەزارو حەوت سەدو حەفتاو نۆ دینارە وەک تەموویلی مووچەی مانگی ئازاری مووچەخۆران و فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە تەواو کراو.
دوپاتیکردەوە، بڕیارە سبەی پارەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.