٢٥ ئازاری ٢٠٢٥
وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند، مۆڵەت دراوەتە کۆمپانیاکانی (دیلیڤەری)، ئەگەرنا هەر ماتۆرسوارێک تۆمارکراو نەبێت، دەستی بەسەردا دەگیرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 25-3-2025، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، ماتۆرسوارەکان لە ترافیک لایتی سوور ناوەستن و پێچەوانەی ئاراستەی شەقامەکان دەڕۆن ڕێزی مافی شوفێر و ئۆتۆمبێل لە ترافیک لایت و شەقامەکان ناگرن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ماتۆرسوار بوونەتە هەڕەشە بەسەر ژیانی خۆیان و خەڵکی دیکەش، لێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵ دەکرێت و دەست بەسەر ماتۆرەکانیان دادەگیرێت.
ئاشکراشیکرد، مۆڵەت دراوەتە کۆمپانیاکانی گەیاندنی خواردن (دیلیڤەری) تا خۆیان لەگەڵ یاساکانی هاتوچۆ بگونجێنن.
ئەوەشی خستەڕوو، بە پێچەوانەوە لە ئایندەیەکی نزیک هەر کۆمپانیا و ماتۆرسوارێک تۆمارکراو نەبێت، دەستی بەسەردا دەگیرێت.