کۆمسیۆن: لەدایکبووانی ساڵی 2007 بەشداری دەنگدان دەکەن

٢٥ ئازاری ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

سەرۆكی دەستەی هەڵبژاردانەكانی هەرێم لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، ئەم ساڵ لە دایكبووانی ساڵی 2007 تۆمار دەكرێن و ئەو کەسانەی دەیانەوێ شوێنێ دەنگدانیان بگۆڕن، دەتوانن سەردانی بنەکەکانی دەنگدان بکەن.

نەبەرد عومەر، سەرۆكی دەستەی هەڵبژاردانەكانی هەرێم لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە گواستنەوەی شوێنی دەنگدان ئاماژەی بەئەوەكرد، ئەو كەسانەی دەیانەوێت شوێنەكانیان بگوازنەوە، سەردانی بنكەكان بكەن، بێجگە لە خەڵكی كەركوك، موسڵ، سەڵاحەدین و ئەنبار. لەبەرئەوەی ئەو شوێنانە سنوری ماددەی 140ن و گواستنەوە نایانگرێتەوە.

وتیشی، ئەو کەسانەی دەیانەوێت شوێنی دەنگدانیان لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی تر بگۆڕن یان لە بنکەیەکەوە بۆ بنکەیەکی تر، لەئەمڕۆوە دەتوانن سەردانی بنکەکانیان بکەن.

ڕاشیگەیاند، ئەمساڵ لە دایکبووانی ساڵی 2007 بەشداری هەڵبژاردن دەکەن و دەتوانن لەئەمڕۆوە ناوی خۆیان تۆماربکەن.

ئاماژەی بەوەشدا، لە هەرێمی کوردستان 173 بنکەیان هەیە و لە هەولێر 53، لە سلێمانی 79 و کەرکوک 41 بنکە، هاوڵاتییان لەئەمڕۆوە تا یەک مانگ دەتوانن سەردانی بنکەکان بکەن بە مەبەستی خۆتۆمارکردن و گواستنەوە.