٢٥ ئازاری ٢٠٢٥
بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراوان و بریندارانی غەززە، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتەکە و هێرشکردنە سەر کارمەندە نێودەوڵەتییەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاریداوە بە ڕێژەی یەک لەسەر سێ، کارمەندەکانیان کەم بکەنەوە.
ستیفان دوجاریک، وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند: "یەک لەسەر سێی کارەمەندە نێودەوڵەتییەکان لە کەرتی غەززە دەکشێنینەوە پاش ئەوەی ئەندامێکمان لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل، کوژراوە".
ئاماژەی بەوەشدا، لەم هەفتەیە لە سەد کارمەند 30 کارمەندیان کەم کردووتەوە، بۆ پاراستنی گیانی کارمەندان، ڕەنگە بە شێوەیەکی کاتی لە ڕۆژانی داهاتوودا کارمەندی زیاتر لە کەرتەکە بکشێننەوە.
ڕاشیگەیاند، بەگوێرەی زانیارییەکان، لە 19-3-2025 بارەگایەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دێر ئەلبەلەح بۆردومانکرا، کە بووە هۆی کوژرانی کارمەندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە ڕەگەز بولگاری و برینداربوونی شەش کەسی دیکە بە ڕەگەز فەرەنسی، مۆڵدۆڤی، باکووری مەسەدۆنی، فەلەستینییەک و بەریتانییەک.
باسی لەوەش کردووە، کە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە ناوچەکەدا ناسراوە، بۆیە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لێکۆلینەوەی لە ڕووداوەکە کردووە.
هیواشی خواست کە هاوڵاتییانی غەززە بە زووترین کات بگەڕێنەوە بۆ کەرتەکە، جەختیشی کردەوە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو کەرتە بەجێ ناهێڵێت.
هاوکات، کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاندووە، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، بارەگاکەیان لە ڕەفەح، لە باشووری ئەو کەرتە خاپوربووە.