سبەینێ دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای پارێزگای هەڵەبجە دەدرێت
٢٤ ئازاری ٢٠٢٥
بڵاویبکەرەوە لە
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەمان خستە بەرنامەی كاری دانیشتنی سبەینێی پەرلەمان.
شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند: “بە ڕەزامەندی سەرۆکی پەرلەمان و جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانم وەرگرت بۆ ئەوەی دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسایی بەپارێزگابونی هەڵەبجە بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە بۆ دانیشتنی سبەی رۆژی سێشەمە”.
هاوکات بەرنامەی کاری دانیشتنی سبەینێ سێشەممەی پەرلەمانی عێراق بڵاو کرایەوە و کە یەکەم بڕگەی دانیشتنەکە دەنگدانە لەسەر (پرۆژەیاسای دامەزراندنی پارێزگای هەڵەبجە لە کۆماری عێراق).
پرۆژەیاساکە پێشتر خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە و تەنیا دەنگدان لەسەری ماوە.
دانیشتنەکە کاتژمێر 8:00ـی شەو دەست پێ دەکات.