هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کەسە بەناوبانگەکان باجی دەخرێتەسەر

٢٤ ئازاری ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، باجی خستەسەر هەژماری کەسایەتییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئەوانەی فۆڵۆوەرس و هەواداری زۆریان هەیە و بڕی باجەکەش لە 100 هەزارەوە دەستپێدەکات.

ئەمڕۆ دوو شەممە، دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، بە بڕیارێک باجی خستەسەر کەسایەتییە ناسراو و بلۆگەرەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەت ئەو کەسانەی ژمارەی فۆڵۆوەرس و شوێنکەوتووەکانیان لە 100 هەزار زیاترە.

ڕوونکراوەتەوە، پێویستە ئەو بابەتانەی لە لایەن کەسایەتییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاودەکرێنەوە لەبەرژەوەندیی بینەران بن و بنەما ئەخلاقییەکان بپارێزن.

هاوکات، ڕێژەی باجی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تایبەت بە کەسانی بەناوبانگ لە 100 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تا زیاتر، بڕی باج و ژمارەی فۆڵۆوەرس (شوێنکەوتوو)ش بەم جۆرەش دەبێت:

لە 100 هەزار بۆ 500 هەزار فۆلۆوەرس ساڵانە بە بڕی 250 بۆ 350 هەزار دیناری عیراقی.

لە 500 هەزار بۆ یەک ملیۆن فۆلۆوەرس ساڵانە بە بڕی 450 هەزار دیناری عیراقی.

لە یەک بۆ سێ ملیۆن فۆلۆوەرس ساڵانە بە بڕی 650 هەزار دیناری عیراقی.

لە سێ بۆ پێنج ملیۆن فۆلۆوەرس ساڵانە بە بڕی 850 هەزار دیناری عیراقی.

زیاتر لە پێنج ملیۆن فۆلۆوەرس ساڵانە بە بڕی یەک ملیۆن دیناری عیراقی.