حەماس کوژرانی ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی ڕاگەیاند

٢٤ ئازاری ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی حەماس، لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، کوژرا و تەندروستی غەززەش ڕایگەیاندووە، ژمارەی کوژراوانی جەنگەکە بۆ زیاتر لە 50 هەزار کەس بەرزبووەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 24-03-2025، بزووتنەوەی مقاوەمەی فەڵەستینی (حەماس) لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی ئیسماعیل بەرهووم، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەکەی، لە ئەنجامی مووشەکبارانکردنەکانی ئیسرائیلدا، لە ڕۆژئاوای کەرتی غەززە ڕاگەیاند.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، کاتێک ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە نەخۆشخانەی "ناسر" لە شاری خانیونسی کەرتی غەززە، تیمار کراوە، ئیسرائیل مووشەکبارانی بەشی بریندارانی نەخۆشخانەکەی کردووە و لە ئەنجامدا بەرهووم کوژراوە.

حەماس مووشەکبارانیکردنی نەخۆشخانەکەی بە "پەرەسەندنێکی مەترسیدار لە تاوانە جەنگییەکانی زایۆنیستی (ئیسرائیل) و پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکانی" ناو برد.

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە، بەشی بریندارانی نەخۆشخانەی "ناسر" نزیکەی 30 قەرەوێڵەی تێدا بووە، بەڵام بەهۆی مووشەکبارانەکەی ئیسرائیل، هەموو بەشەکە پەکی کەوتووە و ناتوانێت خزمەتی برینداران بکات.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی غەززە، لە 7-10-2023ـەوە تاوەکوو ئێستە زیاتر لە 50 هەزار هاووڵاتیی سڤیل، لە ئەنجامی مووشەکبارانی فڕۆکە جەنگییەکان و تەقەی ڕاستەوخۆی سەربازانی سوپای ئیسرائیل کوژراون و زیاتر لە 110 هەزار دیکەش بریندار بوون.