وەزیری کارەبا: لە پرۆژەی ڕووناکی هاوڵاتیان پارەیەکی کەمتر لە پارەی موەلیدە دەدەن

١٨ ئازاری ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

کەمال محەمەد ڕایگەیاند، ئەو پارەیەی هاوڵاتیان دەیدەنە موەلیدە و کارەبای نیشتمانی، لە پرۆژەی ڕووناکیدا زیاتر لەو پارەیە نادەن.

کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هاوڵاتیانی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە، لە پرۆژەی ڕووناکیدا کە کارەبای 24 کاتژمێری بەو پرۆژەیە دابین دەکرێت، هاوڵاتیان پارەیەکی کەمتر لە پارەی موەلیدە دەدەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، دڵنیایی دەدەین، سەدا 90ـی هاوڵاتیان لە پرۆژەی ڕووناکی پارەی زیاد نادەن، بۆیە ئەگەر پارەی پرۆژەی ڕووناکی لە پارەی ئێستای موەلیدە کەمتر بێت، لەگەڵ ئەوەشدا بێدەنگ بێت و ژینگەش پیس نەکات، پێویستە لەگەڵ ئەو پرۆژەیە بین و پشتیوانیی بکەین بۆ ئەوەی پرۆژەکە بە ئەنجام بگات.

ئاشکراشیکرد، ئەوانەی بە مەبەست دەیانەوێت لە بەهای پرۆژەی ڕووناکی کەمبکەنەوە لای هاوڵاتیان، بە ئامانجی خۆیان ناگەن.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە دوای ڕاگەیاندنی پڕۆژەی ڕووناکی لەلایەن سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەرەوە و کارکردن بە پڕۆژەکە لە چەند گەڕەکێکی هەولێر، سلێمانی، دهۆک هاوڵاتیان ناڕازەیەتیان لە گرانبوونی نرخی کارەبای 24 کاتژمێری دەربڕیوەوە.