١٨ ئازاری ٢٠٢٥
تیمەکانی فریاگوزاری تەندروستی و بەرگریی شارستانیی کەرتی غەززە، ناسنامەی ئەو سەرکردە سیاسیی و سەربازییانەی بزووتنەوەی حەماسیان ئاشکراکرد، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، لە زنجیرەیەک هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، لە کەرتی غەززە کوژراون.
بە وتەی تیمەکانی فریاگوزاری تەندروستی و بەرگریی شارستانیی کەرتی غەززە، زنجیرە هێرشە ئاسمانییەکەی بەرە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 18-3-2025، زیاتر لە 365 کەس لە هێرشەکانی ئەمڕۆدا کوژراون و نزیکەی هەزار برینداریش هەن، کە زۆربەیان ژن و منداڵن و بەشێکی زۆری قوربانییەکانیش هێشتا هەر لە ژێر داروپەردوی خانوو و باڵەخانە ڕووخاوەکاندا ماونەتەوە.
هەروەها چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە تیمی تەندروستی و بەرگری شارستانی غەززە،ڕایانگەیاندووە، ناسنامەی پێنج سەرکردە و بەرپرسی سەربازی و سیاسیی حەماس کە ئەمڕۆ کوژراون، ئاشکرا بوون، کە ئەمانەن:
- ئەبو عوبەیدە جەماسی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس و سەرۆکی لیژنەی فریاگوزاری.
- عیسام دەعالیس، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس.
- عەمید بەهجەت حەسەن ئەبو سوڵتان، بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی وەزارەتی ناوخۆ لە غەززە.
- مەحموود ئەبو وەتفە، بریکاری وەزارەتی ناوخۆی سەر بە حەماس
- ئەبو عومەر حەتە، بریكاری وەزارەتی داد لە كەرتی غەززە.