١٤ ئازاری ٢٠٢٥
لە چەند شارێکی تورکیا، پێنج کەس بە تۆمەتی کۆکردنەوەی زانیاریی هەستیار و سەربازیی و گواستنەوەی بۆ هەواڵگری ئێران، دەستگیرکران.
بەگوێرەی هەواڵێکی میدیای فەرمیی تورکیا، لە چوارچێوەی دۆسیەیەکدا کە لەلایەن داواکاری گشتیی ئیستانبوڵەوە کراوەتەوە، لە شارەکانی ئیستانبوڵ، مێرسین و ئەنتاڵیا، پێنج کەس بەتۆمەتی کۆکردنەوەی زانیاری لە بواری هەواڵگریی سەربازیی هەستیار بۆ هەواڵگریی ئێران دەستگیرکراون.
وەک لە دۆسیەکەدا ئاماژەی بۆ کراوە، دەستگیرکراوەکان بەڵگەیان لەسەر بنکە سەربازی و ناوچە هەستیارەکان لە تورکیا و دەرەوەی تورکیا کۆکردووەتەوە و بۆ هەواڵگریی ئێرانیان ناردووە.
ئۆپراسیۆنەکە بە هەماهەنگیی داواکاری گشتیی ئیستانبوڵ و دەزگای هەواڵگریی میت ئەنجامدراوە و دەستگیرکراوەکانیش تۆمەتی تاوانی "سیخوڕیی سیاسیی و سەربازی"یان ئاڕاستەکراوە.
هەر لەنێو دۆسیەکەدا باس لەوە کراوە، دەستگیرکراوەکان پەیوەندییان لەگەڵ ئەندامانی دەزگای هەواڵگریی سەر بە سوپای پاسداران هەبووە و زانیارییە کۆکراوەکانیان پێگەیاندوون.