ڕاگەیەندراوێک لە مامۆستایانی ناڕازیەوە لە بارەی گرانبوونی نرخی کارەبای نیشتیمانی

١٢ ئازاری ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

مامۆستایانی ناڕازی ڕایانگەیاند، بە بیانوی دابیکردنی کارەبای 24 کاتژمێری دەیانەوێ نرخی کارەبا بەشێوەیەکی زۆر خەیاڵی گران بکەن.

دەقى راگەیەندراوەکەى مامۆستایانى ناڕازى:

بەناوی خوای گەورە

هۆشدارییەک لە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازییەوە

وەکو ئاگادارن زیاتر لە 30 ساڵە دەسەڵاتدارانی هەرێم داهاتی سەرخان و ژێرخانی ئەم وڵاتە بەتاڵان دەبەن و گەلی کوردستان بێ مووچە و برسی دەکەن.

بەتایبەتی لەدوای ئابوری بەناو سەربەخۆوە وە لەو ڕوژەوە ئەم دەسەڵاتە نەزانە بڕیاریدا بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغداد نەوتی هەرێمی کوردستان بفرۆشی، بێ مووچەیی و هەژاری دواکەوتنی مووچە دەستی پێکرد.

دەسەڵاتدارە بێ ویژدانەکە لەجیاتی قەرەبوکردنەوەی ئەو دۆخە سەختەی ژیانی هاوڵاتیان و مووچەخۆران بەردەوام بە بڕیاری ستەمکارانە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان سەختر دەکەن و گرانی و نەبوونی زیاتر دەکەن.

لەم چوارچێوەشدا بە بیانوی دابیکردنی کارەبای 24 کاتژمێری دەیانەوێ نرخی کارەبا بەشێوەیەکی زۆر خەیاڵی گران بکەن و تەواوی هاووڵاتیان بکەنە کرێچی کۆمپانیا حیزبی و بنەماڵەییەکانیان.

ئێمە لە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لەگەڵ هەستکردنمان بەم پیلانە ستەمکارانە و مەترسیدارە وە بۆ خستنە بەردەم بەرپرسیاریەتی و دروستکردنی کۆدەنگی جەماوەری دژی ئەم دزی و تاڵانییە لە گیرفانی هاوڵاتیان لە چەند ڕۆژی ڕابوردوو ژمارەیەک کۆبونەوە و دیدارمان ئەنجامدا لەگەڵ یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلام و ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و حیزب و لایەنە سیاسیەکانی دەرەوەی دەسەڵات.

بۆیە لێرەوە ڕایدەگەیەنین:

ئەرکی هەموو هاوڵاتیان و زانایانی ئاینی و حیزب‌ و ڕێکخراوەکانە پێش ئەوەی ببین بە کرێجی کۆمپانیاکانی حیزب‌ و بنەماڵە حکومڕانەکان، بەگژ ئەم پیلانە بێ ویژدانانە و ستەمکارانانەدا بچینەوە و هەڵویستی جدی وبەردەواممان هەبێت.

له کۆتاییدا ئێمە لە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی هاووڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە لە ئاست ئەم گیرفانبڕینە و هەر ستەمێکی تری بنەماڵە حکومڕانەکانی هەرێم بێدەنگ نابین، ئەگەر ڕانەگیرێن لە ئایندەدا بەهاوکاری سەرجەم چین و توێژەکانی تر هەڵوێستی بەرفراوانمان دەبێت .