١٢ ئازاری ٢٠٢٥
پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، ئەو دوو تۆمەتبارەی بەناوەکانی (گیڤارا یاخی و زەردەی پێ پان) بەتۆمەتی دزیکردن دەستگیرکران.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 12-3-2025، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، دوو تۆمەتباری بە ناوەکانی (س. ش. ک) و (د. د. ح) بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی دزیکردن دەستگیر کرد.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەم تۆمەتبارانە لە ماوەی یەک شەودا چوار تاوانی دزییان لە چوار ماڵی جیاواز ئەنجام دابوو و لە کۆی هەر چوار دزییەکە بڕی 25 مسقاڵ ئاڵتوون و زیاتر لە 3500 دۆلار و دوو مۆبایل و یەک ئایپادین دزیبوو.
باسی لەوەشکرد، لەکاتی ئەنجامدانی تاوانی دزیکردن لە یەکێک لە ماڵەکان بە چەک هەڕەشەیان لە خاوەنی ماڵەکە کردبوو.
دووپاتیکردەوە، بۆیە دوای تۆمارکردنی سکاڵا، توانیمان بە بڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە تۆمەتباران دەستگیر بکەین و لە کاتی دەستگیرکردنیشیاندا چەکی بێ مۆڵەتیان لابوو و دەست بەسەر چەکاکانیشدا گیرا.